Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راگەیاند كە هەموو ئەوەی ئێستا هەوڵی بۆ دەدات و خۆی دەیەوێت، پاراستنی ناوبانگی بەرگرییە دژبە داگیركار و مانەوەی بە عێراقیبوون نەوەك رۆژهەلات و رۆژئاوا.
موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە و گوتی: "سەرباری هەموو نیگەرانیەكانم بۆ هەمووان رایدەگەیەنم خۆم یەكەم كەسبووم كە شەڕ و بەرهەڵستییم دژبە بوونی سەربازی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق كرد و من كوڕی ئەو كەسەشم كە لە مزگەوتی كوفەوە دروشمی (نەخێر نەخێر بۆ ئەمریكا)ی گوتەوە".
ئەوەشی گوتووە: "كە زۆربەتان لەژێر باڵ و فەرمانیی مندا دژبە هێزی داگیركار تێكۆشاون و شەڕتان كردووە، كەچی ئەمڕۆ گوماناتان لە بەرگری و هەڵوێستی من هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئامۆژگاری هەمووان دەكەم كە بەرگریکردن نەكەن بە بازرگانیكردن و جیهادكردنیش نەكەن بە سیاسیەت".
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا داوای لە گرووپەكانی بەرگریی كردووە رووی تفەنگەكانیان كە دژبە دوژمنان بەكاریان هێناوە، نەكەنە گەلی عێراق و رایگەیاندووە "لەبەر هەر هۆكارێك بێت، نابێت گەلی عێراق رووبەڕووی جەنگ، بۆردومان و كوشتن بكرێتەوە".
موقتەدا سەدر جەختیكردووەتەوە كە ژمارەیەك هێزی دەرەكی دەیانەوێت زیان بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق بگەیەنن و رایگەیاندووە:
"با پێكەوە بە هەموو هێز و توانمانەوە، كار بكەین بۆ ئەوەی لەڕێگەی پەرلەمان و نێودەوڵەتییەوە كۆتایی بە بوونی سەربازی داگیركاری ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق بهێنیین".
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئەوەشی گوتووە "با پێكەوە دژبە بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق تێبكۆشین، بێ دەستوەردانی دەرەكی، جگە لەوەیش هەمووان لە دەرەوە بە رق و كینە چاویان بڕیوەتە عێراق و دوژمنانمان پێ خۆش بكەن لەسەروویانەوە هێزەكانی داگیركار و تیرۆریستانی داعش و گەندەڵكاران".
لە كۆتاییدا موقتەدا سەدر داوای لە گرووپەكان كردووە كە نەچنە ژێر فەرمانی ژمارەیەك لەو گرووپ و فەرماندانەی كە پێشتر بە ئاگری ئەوان داخبوون.
دوێنێ سێشەممە موقتەدا سەدر هۆشداری لە پێكدادانی شیعە-شیعە دابوو لە عێراق و رایگەیاندبوو كە ژمارەیەك لایەنی گوماناوی هەوڵی تێكدانی رەوشەكە دەدەن بۆ ئەوەی ئاسایش و ئاشتی لە عێراق بخەنە مەترسییەوە.