Sarmand Hameed
23 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد کە لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بڵاوی کردبوویەوە، هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە بە خێرایی حکوومەتێکی گشتگیر پێک بهێنن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە بەیاننامەیەكدا، پشتیوانی خۆی بۆ حكوومەتی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، دووپات كردەوە.
مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "پێشوازیی لە راگەیەندراوی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەم دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: "یارمەتییە تەکنیکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەورووپا و ئەوانی تر، یارمەتیدەربوون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن".
مەسرور بارزانی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە بە خێرایی، حکوومەتێکی گشتگیر پێک بهێنن، کە توانای بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتری بۆ گەلانی عێراق هەبێت.
جێی ئاماژەیە، هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیاریی کردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.