Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد بە سەرۆکایەتیی کۆنگرێسمان، مارک تاکانۆ کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئەلیسا سلۆتکین، کۆلین ئۆڵرێد و کاتی پۆرتەر پێکھاتبوو.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمانوسکی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە، گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا.
شاندی کۆنگرێس ئاماژەیان بە پەیوەندیی بەھێز و تایبەتی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردووە و بەناوی کۆنگرێسەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان وەک ئەزموونێکی دیموکراسیی سەرکەوتوو لە عێراق دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا ستایشیی دۆخی ئازادیی ئایینی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانییان کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمریکای کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە عێراق و ناوچەکەدا. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵیی، خزمەتی پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق بکات و لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزارەی، کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازیی و پڕۆسەی یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و گرنگیی ھاوھەڵوێستیی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.