Heman Hussein Yaseen
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی باپیر لە پیرمام کۆبوونەوە
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە شاندێکی حزبەکەیان بە سەرۆکایەتی، مامۆستا عەلی باپیر سەردانی پیرمامیان کردووە و لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازییان لێکراوە.
لە ھەواڵەکەی کۆمەڵی دادگەریی، ئاماژە بەوەکراوە کە قەیرانەکانی مووچە، نرخی سووتەمەنی و بارودۆخی ژیانی ھاووڵاتیان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوون و ھەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە کردەوە.
ئەوەشخراوتەڕوو کە پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچە، بابەتێکی دیکەی گفتووگۆ بوو. لەم پەیوەندییەدا جەخت لەسەر گرنگی تەبایی و سازانی نێوان ھێزە سیاسییەکان و پێویستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەرێمییەکان کرایەوە.
سەرنج خراوەتە سەر ئەوەش کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو لا باسیان لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەھێزکردنی ھاوکارییە سیاسییەکان کرد.