Sarmand Hameed
23 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
جێگرى سەرۆکى ئەمریکا، مایک پێنس سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە کە رۆڵێکى کاریگەرى لە شەڕى دژى داعشدا هەبووە، هەروەها ستایشى پێکەوەژیان و پاراستنى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەرانى لە هەرێمى کوردستان کرد، سڵاوى خۆى و ئیدارەى ئەمریکایشى پێشکەش بە کەسوکارى شەهیدانى شەڕى دژى تیرۆر و پێشمەرگە کرد.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى پێشوازیی لە جێگرى سەرۆکى ئەمریکا، مایک پێنس کرد.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا که سەرۆکی حكوومهتی هەرێمى کوردستان، مەسروور بارزانى و جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مستەفا سەید قادر و جێگری سەرۆکی حكوومهتی هەرێمى كوردستان، قوباد تاڵەبانى و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، فەوزى هەریرى ئامادەیبوون، مایک پێنس پابەندیى ئەمریکاى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان، هاوکاریى و پشتگیریى لە هەرێمى کوردستان وەک هاوپەیمانێکى ئەمریکا لە چوارچێوەى عێراقدا دووپاتکردەوە و خۆشحاڵى و پشتگیریى وڵاتەکەى بە بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکان نیشانداوه.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دەربڕینى خواستى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا، سوپاسى ئەمریکاشى کردووه کە لە شەڕى دژى داعشدا پشتگیریى لە عێراق و هەرێمى کوردستان کردووه و دووپاتیکردووهتەوە بێ پشتگیریى ئەمریکا ئەو سەرکەوتنە بەسەر داعشدا بەدى نەدەهات، هەروەها سەردانى جێگرى سەرۆکى ئەمریکاى لەم کاتەدا بە نیشانەى پشتگیریى لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە قەڵەمدا.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا تاوتوێکران.