Heman Hussein Yaseen
20 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2021
ههولێر - AA
مانگی سووری تورکیا بە یارمەتی مانگی سووری عێراقی ٢٠٠ سەر ئاژەڵی کردە قوربانی و بڕیارە لە ناوچە جیاجیاکان دابەشی سەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتی بکات.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف کە بەشداری چالاکییەکە بوو، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ مانگی سووری تورکی ھەڵسا بە قوربانیکردن بە یارمەتی مانگی سووری عێراقی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە، لە جەژنەکانی پێشووتریشدا مانگی سووری تورکی ھەمان چالاکی و چالاکی دیکەی جۆراوجۆری خێرخوازیی ئەنجامداوە، وەکو ھاووڵاتییان و حکوومەتیش دەستخۆشی لە مانگی سووری تورکی و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین''.
ھاوکات کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گۆشتی قوربانییەکە بەسەر ھاووڵاتییانی ھەژار و کەمدەرامەت لەناوچە جیاجیاکان دابەش دەکەن بەبێ گرنگیدان بە ئایین و نەژاد.
کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر ھاکان کاراچەی لە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ دامەزراوەی مانگی سووری تورکیا بە یارمەتی مانگی سووری عێراقی دەستی کردووە بە قوربانیکردنی ٢٠٠ سەر ئاژەڵ و بڕیارە بەسەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق و خەڵکی ھەژار دابەش بکرێت و بگاتە دەست ١٢ ھەزار خێزان''.
ھاکان کاراچەی گوتیشی: ''وڵاتەکەمان بە بێ گرنگیدان بە نەژاد و ئایین دەستی یارمەتی بۆ ھەژاران لەسەرانسەری جیھان درێژ دەکات و ئەو چالاکییەی ئەمڕۆش لە چوارچێوەی ھەمان دیدگامان بووە. لێرەدا من سوپاسی مانگی سووری تورکیا و ھاوکارییکردنی مانگی سووری عێراقی دەکەم و بە پێویستیشی دەزانم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە کە پیرۆزبایی جەژن لە ھەموو لایەک بکەم''.