Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ (لە مانگی نیسان تا حوزەیران) بە هۆی وەرزی گەرادانان و زاوزێی ماسییەوە، قەدەغەكردنی راوە ماسی لە رووبار و دەریاچەكانی هەرێم رادەگەیەنرێت.
ئەمساڵ لە ناوەڕاستی مانگی نیسان قەدەغەكردنی راوە ماسی دەستیپێكرد و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەو وادەیەی دیاریكرابوو بە كۆتا هات و راوچییەكان دەستیان بە راوی ماسی ـ دوای سێ مانگ لە قەدەغەكردنی راو لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وەرزی گەرادانانی ماسییەوە، ئەو وادەیە كۆتایی هاتووە و راوچییەكان دەستیان بە راوكردن كردووەتەوە.
ئیدریس حەمەڕەشید راوچییەكی ماسییە لە دەریاچەی دەربەندیخان، ئەو دوای ماوەیەكی زۆر لە چاوەڕوانی و لەگەڵ بە كۆتاهاتنی وادەی قەدەغەكردنی راوە ماسیدا، بەخۆیی و تۆڕەكەیەوە رووی لە دەریاچەكە كردەوە بەهیوای دەستكەوتێكی باشتر و راوكردنی بڕێكی زۆرتر و باشتری ماسی.
ئیدریس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی قەدەغەكردنی راوی ماسی كۆتایی هات، وەك كۆمەڵێك راوچی هاتوینەتەوە ئەم دەریاچەیە و ئێواران تۆڕی خۆمان لە ئاوەكە دەخەین و بەیانییان زوو تۆڕەكان هەڵدەگرینەوە بەهیوای ئەوەی بڕێكی زۆر ماسی راو بكەین".
ئەو باس لەوە دەكات، ئەو كەسانەی سەرقاڵی راوی ماسین لە دەریاچەكەدا ژمارەیەكی زۆریان پیشەی سەرەكیان ئەوەیە و بژێوی ژیانی خۆیان لەو رێگەیەوە دابین دەكەن، بەشێكیشیان وەك رێبوار دێن و حەز و خولیایان ماسی گرتنە.
ساڵانە لەو وادەیەی دیاریكراوە وەك ماوەی قەدەغەكردنی راوە ماسی لە هەرێمی كوردستان، بەشێك لە راوچییەكان بە شێوەیەكی نایاسایی بەردەوام دەبن لە راوكردن، ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەكانە و سەرپێچیكاران رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، هێمن كەمەرخان پێش چەند رۆژێك و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 83 كەس بە هۆی ئەنجامدانی راوە ماسی گیراون و رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە، هەروەها دەستیشیان بەسەر 23 بەلەم و نزیكەی هەزار تۆڕی ماسی و كەلوپەلی تری تایبەت بە راوى ماسی گرتووە.