Zana Natık Kerem
03 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی سەربازی لە عێراق رایگەیاند، لەو گۆڕە بە كۆمەڵەیەی كە بەم دواییانە لە سنووری موسەننا باشووری عێراق دۆزرایەوە تا ئێستا رووفاتی 171 قوربانی هەڵگیراونەتەوە.
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رافیدێن، ملازمی یەكەم، حاكم ئەسەدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەوڵ و كارەكانی تیمی هاوبەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال لەو گۆڕە بەكۆمەڵە بەردەوامە كە بەم دواییانە لە ناوچەیەكی بیابانی پارێزگای موسەننا دۆزرایەوە".
حاكم ئەسەدی گوتیشی: "تا ئێستا، رووفاتی 171 قوربانی لەنێو ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەیە لە لایەن تیمی هاوبەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال هەڵگیراونەتەوە".
ملازمی یەكەم، حاكم ئەسەدی باسی لەوەشكرد، هەموو بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە قوربانیانی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە لایەن رژێمی پێشووەوە گوللـەباران كراون.
ناوبراو گوتیشی: "تەرمی رووفاتەكان رەوانەی فەرمانگەی پزیشكی دادوەریی بەغدا كراون، تا پشكنینی DNA یان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە".
لە دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، تا ئێستا دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەنەتەوە كە لە هەشتا و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە لایەن رژێمی پێشووەوە گوللـەباران و زیندەچاڵكراون.