Sarmand Hameed
09 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2023
هەولێر - AA
وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شممەری لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی پارێزگاکە کۆبووەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لە دووەم رۆژی سەردانە مەیدانییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، عەبدولئەمیر شممەری سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە کۆبووەوە و چەند شوێنێکی شارەکەیشی بەسەرکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە هەروەها لەگەڵ هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و نشینگە کۆبووەتەوە و گوێبیستی داواکارییەکانیان بووە بەمەبەستی سەرکەوتنی کارەکانیان و پشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان.
وەزیری ناوخۆی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک لە فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتەکە لە پارێزگاکە دەکرێنەوە لەوانە فەرمانگەی کاروباری شارستانی، پاسپۆرت و نشینگە.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەڵەبجە، عەبدولئەمیر شممەری سەردانی لیوای ٢١ی پاسەوانی سنووری کرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی لیواکە کۆبووەوە و لەبارەی ئەرکەکانیان زانیاریی وەرگرت و گوێبیستی داواکارییەکانیان بوو.
وەزیری ناوخۆی عێراق جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کارکردن بۆ پاراستنی سنوور و رێگەگرتن لە کاری نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرکان کرد.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە هەشتی حوزەیرانی ٢٠٢٣، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شممەری بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە سلێمانیی و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن پارێزگاری شارەکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پێشوازیی لێکرا.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆی عێراق بە میدیاکارانی راگەیاند، "ئامانجی سەردانەکەمان بۆ سلێمانی بینین و بەسەرکردنەوەی بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بوو لە پارێزگاکەدا".
عەبدولئەمیر شممەری گوتیشی: "لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و فەرماندەکانی پاسەوانی سنوور تاوتوێی رێککارەکانی هێزەکانی سەربە لیوای سێ و لیوای ٢١ی پاسەوانی سنوورمان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بەهێزکردنی تواناکان کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکان، کرد".