Sarmand Hameed
27 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2021
هەولێر - AA
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند، پەنابردن بەر نمایشی ھێز بۆ بەدەستھێنانی داخوازییەکان پایەی دەوڵەتی عێراق بێهێز دەکات و متمانەی خەڵکیش لاواز دەکات و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە کەس لە سەرووی یاساوە نییە.
پلاسخارت لەبارەی ئاڵۆزییەکانی بەغدا پایتەختی عێراق، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھەر کەیسێکی دەستگیرکردن بە رێچکەی خۆیدا بڕوات ھەروەک چۆن بۆ عێراقییەکان وایە".
پلاسخارت نووسیوویەتی: "بەدڵنیاییەوە نابێت هیچ کەسێک پەنا بباتە بەر نمایشی ھێز بۆ بەدەستھێنانی داخوازییەکان" و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە "ئەم جۆرە رەفتارانە پایەی دەوڵەتی عێراق بێهێز دەکات و متمانەی خەڵکیش لاواز دەکات".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق جەختی لە رێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە "پێویستە لە ھەموو کاتێکدا رێز لە دامودەزەگاکانی دەوڵەت بگیرێت".
پلاسخارت بەنووسینی "کەس لە سەرووی یاساوە نییە"، کۆتایی بە پایەمەکەی ھێناوە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم مەحمود کەریم موسڵح لە باشووری بەغدا لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ناوبراو پشت بەستن بڕیاری دادگا کە لە رۆژی ٢١ی ئایار دەرچوو و بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستگیرکراوە.
دوا رووداوەکە، ھێزێکی سەربە حەشدی شەعبی گەمارۆی ماڵی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و چەند شوێنێکی دیکەیان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق داوە لەوانە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و ماڵی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ھەواڵگریی، ئەحمەد ئەبو رەغیف کە فەرماندەی ئەو ھێزە تایبەتەیە کە قاسم موسڵح-ی دەستگیرکرد.
دواتریش وەک رێکارێک بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری ھەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز لەلایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبییەوە، ھێزێکی زۆری ئەمنیی لە دەروازەکان و دەوروبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق بڵاوەیان پێکرا، ھاوکات ژمارەیەک تانک لە دەرەوازەکانی ناوچەی سەوز جێگیرکران.