Sarmand Hameed
18 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سهرۆكی پهرلهمانی کوردستان، رێواز فایەق رایگەیاند، ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاڕاستە و رێڕەوەکانی ئاو تێیدا.
رێواز فایەق لەبارەی لافاوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هەولێر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "زۆر بەداخەوە کە شەوی رابردوو، بەھۆی بەرزیی ڕێژەی بارانبارینەوە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر ژێرئاو کەوتن و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر خەڵکی ئەم گەڕەکە ھەژارنشینانە کەوت".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی رێواز فایەق هاتووە "لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای نیگەرانی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ ئەم رووداوە دڵھەژێنانە و هاوبەشیی خەمی کەسوکاری قوربانیان، لێژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان رادەسپێرین کە بە زووترین کات بەدواداچوونی تەواو بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە و دووبارە و چەندبارەیە بکەن، کە بووەتە مایەی ھەڕەشەی گیانی و ماڵی بۆ سەر ژیانی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لەگەڵ ھەر بارانبارینێکدا".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن لە ڕەگ و ڕیشەوە، و رایگەیاندووە "ناکرێت فراوانکردن و گەورەکردنی شار بەشێوەیەکی ھەڕەمەکییانە ببێتە مایەی تێکچوون و شێواندنی تۆبۆگرافیای شارێکی دێرین و تەمەن ھەزاران ساڵ و گۆڕینی ئاراستە و رێڕەوەکانی ئاو تێیدا، بۆیە پێویستە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە سنوورێکی بۆ دابنرێت و رابگیرێت و لە خزمەتی گەشەکردنی شار و ژێرخانی کەرتە خزمەتگوزارییەکان ئاراستە بکرێت و کەسانێکی شارەزای دوور لە بەرژەوەندی و بە ویژدانەوە پیشەییانە پلانی گەشەکردنی بیناسازیی شار دابنێن، بەجۆرێک ئارامی و دڵنیایی بە هەموو چین و توێژەکان ببەخشێت نەک گەڕەکە هەژارنشینەکان دوودڵ بن لەوەی نزا بکەن تەنانەت خوای گەورە بە ڕەحمەتی باران بەسەریان بکاتەوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخووڕ سنووری پارێزگای ھەولێری گرتەوە و لە چەند گەڕەک و ناوچەیەک لافاو دروست بوو کە بەهۆیەوە ١٢ هاووڵاتیی گیانیان لەدەستدا، هەروەها خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنکاری بەشێک لە ھاووڵاتییان بەهۆی لافاوەکە زیانیان پێگەیشت.