ھەولێر ــ AA
لەئێستادا پرسی ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق بووەتە ڕۆژەڤی گەرمی شەقام، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کردبوو.
لەمبارەیەوە ھەریەک مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر یاسین چۆمانی و سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی کوردی کارۆخ خۆشناو ڕایدەگەیەنن کە لە چەند مانگی داھاتوودا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرسی حەشدی شەعبی بھێنێت.
گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق کە بە (حەشدی شەعبی) ناسراون لە ساڵی ٢٠١٤، دوای فەتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعە، عەلی سیستانی لە شەڕی دژبە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پێکھێنران.
حەشدی شەعبی لە ھاوپەیمانیی ٦٠ گرووپی چەکداری شیعە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بە یاسایی کرا و بووە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق و لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە زیاتر لە ١٥٠ ھەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.
ھاوکات دوای ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ کاتێک شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سەریھەڵدا، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی خۆیان بە "بەرەی مقاوەمە" ناساند بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە حەماس و غەززە، چەندین ھێرشیان کردە سەر ئیسرائیل کە ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ حکوومەتی عێراق دروست کرد.
پێشتر تەل ئەبیب ھۆشداری ئەوەی دابوو کە لە وەڵامی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئیسرائیل، ھێرشی توند دەکاتە سەر عێراق.
ھەروەھا ماوەیەک بەر لەئێستا، بەر لەوەی دۆناڵد تڕەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بێت لە ڕێگای نێردەی تایبەتی خۆیەوە نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کردبوو کە تیایدا داوای کردبوو: "دەبێت لە عێراق، چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپە چەکدارەکان".
- "لە چەند مانگی داھاتوودا، دۆناڵد ترەمپ فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرسی حەشدی شەعبی بھێنێت"
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر یاسین چۆمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە لە چەند مانگی داھاتوودا، دۆناڵد ترەمپ فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرسی حەشدی شەعبی بھێنێت.
یاسین چۆمانی گوتیشی: "وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتیی و ئەمریکا بە تایبەتی خۆشحاڵ نین بە بوونی گرووپە چەکدارەکانی وەک حەشدی شەعبی بەتایبەتی ئەو گرووپانەی کە وەلائیان بۆ ئێران ھەیە و بەردەوام ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست دەکەن، ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵیانداوە بەشێوازێکی تر ئەو گرووپە چەکدارانە ڕێکبخرێنەوە و بخرێنە ناو سیستەمی بەرگریی عێراقەوە، چونکە ئەو گرووپە چەکدارانە لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاسایی کراون".
ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی ئەمریکا بەردەوام داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە کۆتایی بە گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق بھێنێت، چونکە نابێت گرووپی چەکداریی لە ناو دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و دیموکراسییدا بوونی ھەبێت و، بۆیە بەلایەنی یەکەم پێویستە ئەو گرووپە چەکدارانە بخرێنە ژێر ڕکێفی وەزارەتی بەرگریی و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق کە ئێستا لەژێر ڕکێفی ئەودا (فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکاندا)نین و گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی دووبارە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ھەوڵدەدات کێشەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی لە عێراق چارەسەر بکات، چونکە دۆناڵد ترەمپ بەروارد بە سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاتر گرنگی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات".
مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی سەربە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر یاسین چۆمانی ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ بەر لەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بێت، لە پەیامێکدا داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کردبوو کە گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ بکات و گوتی: "بە بڕوای من لە چەند مانگی داھاتوودا، دۆناڵد ترەمپ فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرسی حەشدی شەعبی بھێنێت یان ئەوەتا حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێندرێتەوە یان ئەوەتا لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕێکبخرێتەوە".
گوتیشی:"من پێموایە ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بۆ حکوومەتی عێراق قوڕس دەبێت، بەڵام ئەگەری ھەیە لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ڕێکبخرێتەوە".
یاسین چۆمانی لەبارەی ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی گوتی: "وەک دەزانین لە عێراق میلیشیاکان فەرمانڕەوایی دەکەن و جگە لەوەش ئێران دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر سیستەمی سیاسی لە عێراقدا ھەیە، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەتەنھا ناتوانێت کێشەیەکی وەک حەشدی شەعبی چارەسەر بکات، ئەگەر کۆدەنگی سەرکردەکانی شیعەی لەسەر نەبێت، چونکە حەشدی شەعبی لە ٦٠ گرووپ پێکھاتووە و ھەر گرووپێکی سەربە لایەنێکی شیعەیە، لەو باوەڕدام لە ماوەکانی داھاتوودا فشارێک لەسەر عێراق دروست دەبێت، بۆ ئەوەی کێشەی حەشدی شەعبی لە عێراق چارەسەر بکرێت".
لە بارەی ئەوەی کە ئایا بە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ھەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەبێتەوە، چۆمانی ڕایگەیاند بەگشتی ھەژموونی ئێران لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەمبووەتەوە، چونکە ئەو ھەژموونەی کە پێشتر لە سووریا و لوبنان ھەیبوو نەماوە، ھەروەھا ھەژموونی ئێران لە یەمەنیش کەمبووەتەوە و گوتی: "بەھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ھەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەبێتەوە و لاواز دەبێت".
- " محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی کەوتووەتە بەرداشی نێوان ئەمریکا و ئێران"
سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی کوردی، دکتۆر کارۆخ خۆشناو پێیوایە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی کەوتووەتە بەرداشی نێوان ئەمریکا و ئێران.
کارۆخ خۆشناو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیارە حەشدی شەعبی لە عێراق بەشێک بووە لە بەرەی مقاوەمە و ژمارەیەک لەو گرووپە چەکدارانەی سەربە حەشدی شەعبی کە خۆیان لە بەرەی مقاوەمە داناوە و وەلائیان بۆ ئێران ھەیە، بۆ چەندینجار ھێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، ھەروەھا بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی پێشوو و و حکوومەتی ئێستای ئەمریکاوە لە ڕێگای ئاراستەکردنی پەیامەوە، ھۆشداری بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دراوە لەوەی دەبێت ئەو گرووپە چەکدارانە بخاتە ناو سیستەمی بەرگریی عێراق و نابێت بە ھیچ شێوەیەک ببن بە ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، بۆیە لە ماوەکانی ڕابردوودا محەمەد شیاع سوودانی سەردانی تارانی کرد کە لە میانییدا لەگەڵ سەرکردایەتی ئێران کۆبووەوە بۆ ئەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی بدۆزێتەوە تاکو عێراق ڕووبەڕووی گورزی سەربازیی ئیسرائیل نەبێتەوە، محەمەد شیاع سوودانی دوای گەڕانەوەی لە تاران لەگەڵ سەرکردەکانی سەربە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ئەمنییە گرنگە کۆبووەوە".
باسی لەوەش کرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەگەر چی بەربەستی زۆری بۆ ھاتووەتە پێش، بەڵام بەردەوام ھەوڵیداوە سەروەریی عێراق بپارێزێت، بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بەشێک لەو شەڕەی کە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە لە ناوچەکەدا، سەریھەڵداوە و گوتی: "محەمەد شیاع سوودانی لەکاتێکدا کەوتووەتە بەرداشی نێوان ئەمریکا و ئێران، ھەوڵدەدات باوەڕ بە سەرکردەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە وەلایان بۆ ئێران ھەیە، بھێنێت لەوەی عێراق تووشی سەر ئێشە نەکەن، بۆ ئەوەی عێراق نەبێت بە بەشێک لە شەڕەکە و گورزی سەربازیی بەرنەکەوێت، چونکە محەمەد شیاع سوودانی چاوی لەوەیە کە دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر بکاتەوە، بۆیە دەیەوێت بەشێوەک لە شێوەکان ھەم دڵی ئەمریکا و ھەم دڵی ئێران ڕازی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت عێراق بپارێزێت لەو ھەڕەشانەی کە لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی نێردراون بۆ عێراق و ئەو گرووپانە بخاتە ناو سیستەمی بەرگریی عێراقەوە، ئەگەر چی ئەو کارە کارێکی قورسە".
کارۆخ خۆشناو لەبارەی ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی، ئەوا گوتی: "دەبێت گرووپە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا، بە فەتوایەک لەلایەن مەرجەعی باڵای ئایینی شیعە لە عێراق، عەلی سیستانی لە شەڕی دژبە داعش پێکھێنراون ھەڵبوەشێندرێنەوە، ھەروەھا ئێستا حکوومەتی عێراق خۆی دەڵێت کە مەترسی داعش لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق نەماوە، بۆیە یان دەبێت ئەو گرووپە چەکدارانە بخرێنە ناو سیستەمی بەرگریی عێراق یان دەبێت ھەڵبوەشێندرێنەوە، چونکە بەشێک لەو گرووپانە ئەجندای ئێران جێبەجێ دەکەن و بە شانازییەوە باس لەوە دەکەن کە فەرمان لە ئێران وەردەگرن، جگە لەوەش ئەگەر حکوومەتی عێراق بەھێز بێت، پێویستە چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت".
ناوبراو لە بارەی ئەوەی کە ئایا بە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ھەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەبێتەوە، ئەوا گوتی: "دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە کە ئیسرائیل توانی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان بە تەواوی لە پەل و پۆ بخات و ئێستاش گورزی بەھێز لە حووسییەکان لە یەمەن دەدات و دواتر ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ڕووخا، ئەمانە بوونە ھۆی ئەوەی کە ئێران بە تەواوی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لاواز بێت و ئێستا تاکە سەنگەر کە ئێران تیایدا ماوە عێراقە، بۆیە ئەمریکا دەوێت سەروەریی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە، جگە لەوەش ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان عێراق و ئەمریکا ھەیە کە پێی دەگوتریت ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و چوار بوار لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابووریی و ڕۆشنبیری، ھەروەھا ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەوێت ئێران بخاتە ناو سنوورەکانی خۆی و دەستی ئێران لەم ناوچەیە ببڕێت، بۆ ئەوەی ئێران ھیچ ھەژموونی بەسەر عێراق، لوبنان و سووریا نەبێت و ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی دۆناڵد ترەمپ و تەنانەت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سیاسەتێکی بەرامبەر بە ئێران بەکارھێنا کە پێی دەگوترا (سیاسەتی ئەو پەڕی فشار) کە بەھۆی ئەو سیاسەتەوە ئێران لاواز کرا و ئێستاش کە دۆناڵد ترەمپ بۆ خولی دووەم وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی (سیاسەتی ئەو پەڕی فشار) بەرامبەر بە ئێران، ھەروەھا دەستی ئێران لە ناوچەکە و عێراقیش دەبرێت و ڕێگا نادات ئێران ھەژموونی بەسەر ناوچەکە و عێراقدا ھەبێت".
news_share_descriptionsubscription_contact



