Heman Hussein Yaseen
19 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2021
ههولێر - AA
بەمەبەستی دابەزاندنی کێشەی بارزۆری کارەبا لەناو شاری ھەولێر، سێ پڕۆژەی گرێدانی کارەبا کرانەوە و، وەزیری کارەباش ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا ١٤ کاتژمێر کارەبا بەھاووڵاتیان دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، لەژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، وەزارەتی کارەبا سێ پرۆژەی بونیادنانی وێستگەی کارەبای ئیسکانی نوێ و گرێدانی وێستگەی ئازادی نوێ بە وێستگەی ئیسکانی نوێ و دەرھێنانی ٥ فیدەری ١١ کەی ڤی کردەوە.
پڕۆژەی گرێدانی وێستگەی ئازادی بە ئیسکانی نوێ بە گوژمەی سێ ملیار و ٢٣ ملیۆن و ٤٠٧ ھەزار دینار جێبەجێکراوە، پڕۆژەی بونیادنانی وێستگەی کارەبای ئیسکانی نوێ بە گوژمەی چوار ملیۆن و ٣٧٣ ھەزار و، ٥٢٥ دۆلار جێبەجێکراوە، پڕۆژەی دەرھێنانی پێنج فیدەری ١١ کەی ڤی بەتێچووی ٣٦٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار جێبەجێکراوە.
وەزیری کارەبای ھەرێم کەمال محمەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ''ئەم پڕۆژانە بە زیاتر لەسێ ملیار دینار جێبەجێ کراون و، بەشێکە لەھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا، ھەروەھا تەندەرمان بە ژمارەیەک کۆمپانیای گەورە داوە بۆ ئەوەی کەرتی کارەبا بە تایبەت بکرێت و کۆتایی ئەم مانگە تەندەرەکان دەکرێنەوە''.
لەبارەی کڕینی کارەبا لە تورکیاش وەزیری کارەبا گوتی: ''بڕی ١٥٠ مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕین بە بڕی حەفت ملیۆن دۆلاری مانگانە، ئەویش بەھۆی ئەوەی کە تێچووی پڕۆژەی دھۆک بەھۆی سووتەمەنییەوە چونکە بە گازوایل کاردەکات نەک بەغاز. ئەوەش وایکرد کارەبا لە تورکیا بکڕین''.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری ھەولێر بە وەکالەت ھێمن قادر گوتی: ''کردنەوەی پڕۆژەکانی کارەبا لە ھەولێر کێشەی بارزۆریمان بۆ چارەسەر دەکەن و ئەو کێشانەی کە ماون لەو بوارەدا کاریان تێدادەکرێت و ھەوڵ دەدرێت کێشەکان کەم بکرێنەوە''.
