Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2020
بەغدا - AA
فراكسيۆنى پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرال.
شاندى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆکایەتی، ڤیان سەبری لە بەغدا سەردانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین هینیس بلاسخارت-ی کرد و کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان باس کراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، شاندى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سوپاسی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و پاڵپشتیکردنی لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا وهەرێم بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوولا بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندی باڵای سەقامگیری ئاسایشی هەرێم و بەغدا بێت.
باس لەوەیش کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، شاندى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە رۆڵی زیاتر بگێڕێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرال بەپێی دەستوور.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتە روو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز نرخێدراوە لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی لە بەغدا و هەولێر بە ئامانجی رووبەڕووبونەوەی ئاستەنگە سیاسی، ئابووریی و تەندروستییەکان.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەیش دراوە کە لای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین هینیس بلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندبووە کە گرنگە ئیرادەیەکی سیاسیی، تێگەیشتنی هاوبەش و گفتوگوی بەردەوام هەبێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێدراوەکان، هەروەها بە گرنگی زانیوە کە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵی خۆی لە بەیاساکردنی ماددە دەستووریەکان بگێرێت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوانە یاسای نەوت و گاز.