Zana Natık Kerem
18 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
لە ئاکامی ئاراستەکردنی شەش گولـلە ھاوەن بۆسەر بارەگایەکی حەشدی سوننەکان لە باشووری پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق، سەربازێک کوژراو و دوو سەرباز و سێ چەکداری حەشدی سوننەکان برینداربوون.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێک لە پۆلیسی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە گومان دەکرێت سەربە داعش بن، شەش گولـلە ھاوەنیان ئاراستەی بارەگایەکی حەشدی سوننەکان لە گوندی ئەلبوشەھاب سەربە قەزای داقووق باشووری پارێزگای کەرکووک کردووە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، سەربازێک کوژراوە و دوو سەرباز و سێ چەکداری حەشدی سوننەکان برینداربوون و گوتی:
"دوای ھێرشەکەش، ھێزەکانی سوپا و حەشدی سوننەکان ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکە بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە، ئەنجامداوە".