Abdulhameed Husseın Karam
22 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و ناوچەکە و بەشێکی جیھانی گرتووەتەوە و لەو بارەیەوە دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینی ئەوەی کردووە کە لە چەند رۆژی داھاتوودا، پلەکانی گەرما لە چەند پارێزگایەک دەگاتە ٥٠ پلەی سەدی و ھەرێمی کوردستانییش بێبەش نەبووە لەو گەرمایە بە جۆرێک گەرما تەنگی بە ھاووڵاتییان ھەڵچنیوە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواستی ھاووڵاتیان لەسەر سەھۆڵ زیاد دەکات. بە ھۆی کەمبوونەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، رەنگە ئەو دەرفەتە بۆ ھەموو کەس نەبێت کە سەھۆڵی ھەبێت لە ماڵەوە، بۆیە کڕینی سەھۆڵ لەسەر شەقامەکان، دۆخێکە کە بەردەوام دەبینێرێت.
سەھۆڵ یان بەفر، لە کارگەی تایبەت ئامادە دەکرێت و بۆ گەیشتن بە دەستی کڕیاران، دەنێردرێتە سەر شەقامەکان.
خاوەنی کارگەیەکی بەفر بە ناوی حاجی شێرزاد نۆغەرانی لە بارەی فرۆشتنی سەھۆل لە وەرزی ھاویندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەموو ساڵێک لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما فرۆشتنی بەفر زیاد دەکات ئەویش زیاتر ئەو دوو مانگەیە، بەھۆی ئەوەی ھاووڵاتییان زیاتر بەفر و سەهۆڵ بۆ ساردەمەنییەکان و شوێنی قەسابەکان و ئاو فرۆشتن بە کار دەھێنن".
حاجی شێرزاد گوتیشی: "ساڵانی پێشوو بەھۆی کەمی ئاوی شیرین لە شارەکانی عێراق، رۆژانە بۆ ساردکردنەوەی شتومەکی ھاوینە دەھاتن و بەفر و سەھۆڵیان دەکڕی، ئیستاش ھەر ھەیە، بەڵام ھەرچەند رۆژجارێک دێن ئەویش زیاتر لە ناوچەکانی مووسڵ، مەخموور و دەورووبەری بەفر و سەھۆڵمان لێ دەکڕن".
نرخی ھەر قالبێکی سەھۆڵ ھەزار دینارە و درێژییەکەی یەک مەترە. سەھۆڵەکان دوای دەرچوونیان لە کارگەکە دەنێردرێنە بازاڕ و لەسەر شەقام لە ناو چەندین نایلۆن و قوماشدا دەپێچرێنەوە بۆ ئەوەی تینی خۆرەکە نەیتوێنێتەوە.
کڕیارێکی سەھۆل بە ناوی بیلال عادل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە من لە کارگەکان بەفر و سەھۆڵ دەکڕم و بۆ بازار دەیبەم و بەسەر دوکانی قەساب و ساردەمەنییەکاندا دابەشی دەکەم من رۆژانی ئاسایی زیاتر لە ٥٠٠ قالبی سەھۆڵم پێویستە، بەڵام ھەر چەندە بەرەو گەرما دەچین داواکاری زیاتر دەبێت، بەجۆرێک ھەندێ جار دەگاتە ھەزار بۆ ھەزار و ٢٠٠ قالب".
گەرمای لە رادەبەدەری ئەم رۆژانەی عێراق، کاریگەری لەسەر ژیان و کەسابەتی خەڵکیش دروست کردووە بە جۆرێک ئەوانەی کە زۆرترین کاریگەری گەرمای بەتین و سووتێنەرەوە لەسەرە ئەو کەسانەن کە لە دەرەوە کاردەکەن.
ھەورەھا لە کاتژمێرەکانی نێوان ١١:٠٠ بۆ ١٦:٠٠ بەھۆی گەرمی بەتین لە شەقام و کۆڵانەکان ھاووڵاتییان روو لە ساردەمەنییەکان دەکەن.
لە بازاڕی شێخەڵڵا سەنتەری شاری ھەولێر ئایس کرێم فرۆشێک بە ناوی ئیسماعیل حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ھەست بەو شەپۆلە گەرمایە دەکەین بە تایبەتی کە ئیشی ئێمە بەستراوە بە گەرماوە لەبەر ئەوەی من کاتژمێر ١:٣٠ی نێوەڕۆ دێمە دەرەوە، گەرما لە ئاستێکی بەرزدایە و ھەندێک جاریش دەبێتە ھۆی توانەوەی سەھۆڵ و مۆتەکانم و زەرەرمەند دەبم و ھەندێک جاریش لەو گەرمایە قازانج دەکەین".
ھاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی بابان میران ئاو فرۆشە لە بازاڕی سەیداوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەرما زۆر تاقەت پرۆکێنە، بەڵام ئیشمان لە گەرمایە و ئێمە بازاڕمان لە کاتە گەرمەکان ھەیە و چەندە گەرم بێت ئەوا ھێندە دەتوانم ئاو و ساردەمەنییەکانی دیکە بفرۆشم".
گوتیشی: "من رۆژانە چوار بۆ پێنج سێت ئاو دەفرۆشم و ھەندێ ساردەمەنی دیکەش دەفرۆشم ئەوەش من بە سەھۆڵ ساردی دەکەم و جاری وا ھەیە زیاتر لە سێ قالبی سەھۆڵ سەرف دەکەم بە جۆرێک من بۆ ھەر قالبێکی سەھۆڵ ھەزار و ٢٥٠ دینار دەدەم".