Rewa Mahmood Hasan
15 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2022
سلێمانی - AA
لە ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی-دا، چەند چالاکییەک بەڕێوەچوون و هاووڵاتییان و خوێندکاران بە جلوبەرگی ناوچەیی کوردییەوە، بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا کرد و بەهۆی بۆردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمیش، چەند چالاکییەک راگیرا وەک هاوخەمیی.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە چەندین چالاکی جۆراوجۆردا، ٢٣٨ ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی کرایەوە و هاووڵاتییان بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگەوە بەشدارییان لە ئاهەنگ و چالاکییەکاندا دەکرد.
سەرەتا بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە لە دواناوەندی رزگاری کچان لە گەڕەکی رزگاری، کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی چالاکییەک بەڕێوەچوو کە تیایدا، مامۆستایان و خوێندکاران بە جلوبەرگی کوردییەوە چووبوونە دەوامی خوێندگەکە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کەرنەڤاڵ و یادکردنەوەی بنیاتنانی شاری سلێمانی لە خوێندنگەی ئەيوبییەی بنەڕەتی لە گەڕەكی چوارباخ بەڕێوەچوو.
قوتابخانەی ئەیوبییە یەكێكە لە قوتابخانە دێرینەكانی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٢٥ دروست كراوە. کەرنەڤاڵەکە کاتژمێر ١٢:٣٠ی نیوەڕۆ دەستی پێ کرد و چەند چالاكییەكی هونەریی و فۆلكلۆریی جیاوازی لە خۆگرتبوو.
لە چالاکییەکی جیاوازیشدا، میرایەتی بنەماڵەی بابان لەیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی-دا، مەراسیمێکی تایبەتی دانانی تاجەگوڵینە و پێشکەشکردنی پەیامێکی تایبەت بۆ خەڵکی شاری سلێمانی لەبەردەم پەیکەری ئیبراهیم پاشای بابان لە سەرای سلێمانی رێکخست. چالاکییەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەچوو.
بەرێوەچوونی ئەم چالاکییانە لەکاتێکدا کە هەواڵی بۆردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە بە بیانووی بوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بڵاو کرایەوە کە چەند قوربانییەکی لێکەوتبوویەوە و بەوهۆیەوە زۆرێک لە چالاکییەکان تایبەت بە یادکردنەوەی بنیاتنانی سلێمانی کە ئاهەنگی لەخۆدەگرت راگیران وەک رێزێک بۆ گیانی قوربانییان.