Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا - AA
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی فەرمانیدا پاراستنی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین بە سوپا بسپێردرێت، ئەمەش دوای کەمتر لە هەفتەیەک لە روودانی ئەو کوشتارگەیە دێت کە بەهۆیەوە کوژران و رفاندنی ١٢ مەدەنی لێکەوتەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو، ١٢ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین لەلایەن ژمارەیەک چەكداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر هەشتیان كوژراون و پاشان تەرمەكانیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سەڵاحەددینەوە دۆزراونەتەوە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی چواریان نادیارە.
لەسەر ئەو رووداوە، پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارییەکانی شیعە لەژێر ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبی و رێکخراوی تیرۆریستی داعش درێژ دەکرێت.
لەلای خۆیەوە، گوتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاند، کازمی فەرمانی داوە بە پاراستنی ناوچەی فەرحاتییە بە هێزەکانی سوپا.
یەحیا رەسول لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە نەگەیشتووەتە ئەنجامی کۆتایی و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە داعش لەپشت ئەنجامدانی ئەو تاوانەدایە بە ئامانجی دروستکردنی بۆشایی لەنێوان هاووڵاتییان و هێزکانی ئەمنیی لە ناوچەکەدا.
رۆژی شەممەی رابردوو، دانشتووانی فەرحاتییە داوایان کە حکوومەتی عێراق کرد سەرجەم ئەو هێزانەی سەربە هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ نیین لە ناوچەکە دووربخەنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ گرووپەکانی حەشدی شەعبی.