Dilşad Seyfeddin Ahmet
03 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2016
گوتەبێژی گشتی كۆنفرانسەكە، چرۆ شەهاب بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "كۆنفرانسەكە دوو رۆژ دەخایەنێت و لەلایەن كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت، كۆنفرانسەكە زیاتر لە 30 توێژینەوەی بۆ هاتووە كە سەرجەمیان لەلایەن مامۆستایانی دەرەوەی كوردستان و زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكراون، 18 توێژینەوەیان لە عێراق و لیبیا و میسر و ئوردن و توركیا و بەریتانیاوە هاتووە".
چرۆ گوتی: "ئامانج لە سازكردنی كۆنفرانسەكە جارێكی دیكە پێداچونەوەیە بەو كەلێن و كەلەبەرانەی كە رێككەوتننامەی سایكس - پیكۆ هەیبووە و رەنگدانەوەی لەسەر كوردستان چی بووە، بۆیە رەهەندەكان لەخۆ دەگرێت لە رەهەندەكانی جیۆپۆلەتیكی و راگەیاندن و مێژوویی و سیاسی و ئایینی و هەروەها داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیش لەخۆ دەگرێت".
لەسەرەتای دەستپێكردنی كۆنفرانسەكەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و مامۆستایانی زانكۆ و میوانان ئامادەی بوون، چەند گوتارێكی تایبەت بە كۆنفرانسەكە پێشكەش كران، هەروەها كورتە فیلمێكی تایبەتیش لەسەر رێككەوتننامەكە نمایش كرا.
سەرپەرشتیاری گشتی كۆنفراسەكە جەزا تۆفیق تالیب گوتی: "لە مانگی ئایاری 2016دا سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی (سایكس ـ پیكۆ) تێدەپەڕێت، ئەو رێككەوتننامەیەی كە چارەنووسی گەلانی ناوچەكەی بەرەو دابەش بوون بەسەر كۆمەڵێك دەوڵەتی ناسرووشتی دەستكردا گۆڕی".
ئەو گوتی: "ئامانجی كۆنفرانسەكە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی رێككەوتننامەكە و ئەگەرەكانی مانەوە یان گۆڕینی بنەما سەرەكییەكانی، خستنەڕووی كەلێن و كەموكورتییەكانی رێككەوتننامەكە، لەگەڵ خوێندنەوەی دۆخی رێككەوتننامەكە و خوێندنەوەی ئەو نائارامییە سیاسی و ئایینی و جیۆپۆلەتیكییەی لەم رێككەوتننامەیە كەوتووەتەوە و هەموو ناوچەكەی گرتۆتەوە".
كۆنفرانسەكە پێنج رەهەندی سەرەكی لە خۆ گرتووە كە بریتین لە رەهەندەكانی مێژوویی، جوگرافی، كۆمەڵایەتی، راگەیاندن و یاسایی و سیاسی.
مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی سەڵاحەدین، بارزان جەوهەر لەبارەی كاریگەرییەكانی داعش لەسەر گۆڕینی نەخشەی سیاسی سایكس ـ پیكۆ دەڵێت: "دوای سەدەیەك لە مانەوەی هێڵە دەستكردەكانی نەخشەی رێككەوتننامەكە، ئەمڕۆ داعش ئەم سنوورانەی هەڵوەشاندەوە و دووبارە جۆگرافیای سیاسی لەسەر بنەما لۆجیكی و خاوەنە رەسەنەكانی دروست دەبێتەوە".
لە كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا كە سبەی كارەكانی بەكۆتا دێت، راپۆرتی كۆتایی لیژنەی باڵای كۆنفرانس دەخوێندرێتەوە.