سلێمانی
زیرەك میرە یەكێكە لە پەیكەرتاشە بەناوبانگەكانی كورد و دانیشتوی شاری سلێمانییە و خاوەنی چەندین پەیكەرە كە هەموویان لەگەڵ نمایشكردنیدا بۆتە جێی باس و مشتومڕشی ناو خەڵك و هەم دەستخۆشی و هەم رەخنەیەكی زۆری رووبەڕوو دەكرێتەوە.
ئەو ماوەی 20 ساڵە بە ووتەی خۆی خەریكی كاری هونەریە و تا ئێستا خاوەنی چەندین پەیكەری جیاواز و جێی مشتومڕە.میرە وەك خۆی باسی كرد لە خانەوادەیەكی هونەری پەروەردە بووە و هەر لە منداڵیەوە ئاشنا بووە بە كاری هونەری و حەز و خولیای هونەر تیایدا چەكەرەی كردووە. لەم دیمانە تایبەتەی ئاژانسی ئانادۆڵودا باس لە كارە هونەریەكانی و ئەو دەستدرێژیانەش دەكات كە كراوەتە سەر پەیكەرەكانی.
لە سەرەتای دیمانەكەشدا لە باسی سەرەتای خولیای هونەریەوە دەستی پێكرد و گوتی لەناو خانەوادەی ئێمەدا بەهرەیەكی هونەری هەبوو كە من پێم وایە لەلایەن دایكمانەوە بۆمان ماوەتەوە, چونكە دایكم هەر لە سەرەتاوە خەریكی كاری قوڕ و سیرامیك بوو وە كە چاوم هەڵهێنا بەو كارانەی دایكم ئاشنا بووم كە ئێستا لێی تێگەیشتووم كە دایكم چەند شارەزایانە و چەند بە باشی ئەو كارەی ئەكرد كە گۆزە و دیزەی دروست دەكرد, بەو هۆیەش من پریشكێكی ئەو هونەرەم بەر كەوت و تێمدا چەكەرەی كرد تا گەیشتم بەم ڕۆژە.لە خانەوادەكەشمدا جگە لە من براكانیشم هەر بە كاری هونەریەوە خەریكن و هەر یەكێكیان لایەنێكی هونەری گرتووە بەڵام بەداخەوە ئەوان ئێستا چالاك نین.من وەك خۆم سەرەتا خەریكی كاری موزیك بووم بەڵام دواتر بۆم دەركەوت كە من ئەبێت موزیك تەنها گوێی لێبگرم و نابێت ژەنیاربم چونكە پێم وابوو بە موزیك بەتاڵ نابمەوە لەو حەزە هونەریەی لە ناخمدایە بۆیە دواتر دەستم كرد بە كاری وێنەكێشان و دواتریش پەیكەر تاشی.بە دیاری كراوی من لەدایك بووی ساڵی 1980م ماوەی 20 ساڵە كاری هونەری دەكەم واتە لە تەمەنی 15 ساڵیەوە, بە پراكتیكیش ماوەی 16 ساڵە خەریكی كاری پەیكەر تاشیم.
دەربارەی كارە هونەریەكانی گوتی: "من خاوەنی چەندین كارم لە شارەكانی هەرێم و عێراق و كارێكیشم لە تاران هەیە و خاوەنی چوار پێشانگای تایبەتم لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق".
دەربارەی ئەوەی چی روئیای زیرەك میرە دەجوڵێنێت بۆ ئەنجامدانی كارێكی هونەری گوتی: "هەرجارە و هۆكارێك بیرۆكەی كارێكت لا گەڵاڵە دەكات, بۆ من كاری پەیكەرتاشی گرنگ نییە چونكە هەموو كەس دەتوانێت پەیكەر دروست بكات بەڵام ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە دەبێت تۆ پەیامێكی هونەریت هەبێت, ئیتر ئەو پەیامە كەموكوڕیەكی كۆمەڵگایە یاخود باشیەكی كۆمەڵگایە كە دەبێت باشتر و باشتری بكەیت بۆیە خۆشحاڵانە لەهەموو كارێكمدا پەیامێكی تایبەتیم هەبووە و لەیەكەم رۆژی نمایشكردنیشدا ئەو پەیامە دەركەوتووە و ئەیبینم لە پەسەندی و رەخنەكاندا".
گوتیشی: "من هەمیشە حەزم لە رەخنەیە و هەموو رەخنەیەك وەردەگرم و رێزی دەگرم, ئەوەی رەخنەی باشبێت كاری پێدەكەم و ئەوەی رەخنەی خراپیش بێت وەلای دەنێم و هیچ شتێك نابێتە رێگر لە كارەكانم چونكە من هونەر ئەكەم و دواجار ئەوە منم بڕیار ئەدەم چی ئەكەم چونكە من هونەر ئەكەم بە تەنها لەپێناوی هونەردا, بۆیە هیچ شتێك ناتوانێت من رابگرێت لەو كارە هونەریانە".
دەربارەی ئەوەی چ هۆكارێك لەپشت ئەوەوەیە كە لەگەڵ نمایشكردنی هەر كارێكی نوێدا مشتومڕێكی چڕ لەناو خەڵكدا دروستدەبێت و هەندێكیان بەتەواوی دژت دەوەستن گوتی: "لەبەر ئەوەی من جیاوازتر بیر دەكەمەوە لەوان وە جیاوازتر كاردەكەم لە هونەرمەندەكانی پێش خۆم و ئەوانەش كە ئێستا لەم سەردەمەدا كاردەكەن, من جیاوازتر بیر دەكەمەوە و جیاوازتریش نمایش دەكەم بۆیە ئەو حاڵەتە دروستدەبێت كە دەبێتە جێگای مقۆمقۆ و كە هەندێك جار زۆر قبووڵكردنی لێدەكەوێتەوە و هەندێكجاریش بە پێچەوانەوە زۆر رەفزدەكرێت, بەڵام هەردووكی جێگای خۆشحاڵیە لەبەر ئەوەی من پێم وایە دەبێت لەخۆم بچم و من ناتوانم پەیكەرێك بكەم كە پێشتر سەد ساڵ بەر لە ئێستا كراوە و كاری من نییە هەمان كار دووبارە بكەمەوە , من شێوازی تایبەتی خۆمم هەیە و پەیامی تایبەتی خۆشم هەیە".
لەوەڵامی ئەوەی كە ئایا تا ئێستا چەند پەیكەرت شكێندراوە گوتی: "پێم وایە پەیكەرم نییە نەشكێندرابێت.یەكەمین كاری پەیكەرم كە لە سلێمانی كردم سێ مانگ پاشماوەی سەیرانگایەكم كۆكردەوە لە قتوی بیرە و خواردنەوە ئەلكهولیەكان پەیكەری گیتار ژەنێكم دروستكرد كە پێكێكی بەدەستەوەبوو بە بەرزی هەشت مەتر چەند جارێك شكاندیان یاخود ئەزێتیاندا كە من دڵنیام لە پەیامی كارەكە تێنەگەیشتون كە لێواو لێو بوو لە خزمەت بە ژینگە.دوای ئەو پەیكەری شێتێكی جوانی سلێمانیم دروستكرد بە ناوی "شەباب" كە كەسێكی خۆشەویستی شارەكەبوو بەداخەوە سێ مانگ دوای نمایشكردنی وورد كراو بەتەواوی شكێندرا. دوابەدوای ئەوە پەیكەری نووسەرێك لە قەڵەمم دروستكرد كە كەسێكی سەربەرەو خوار بوو, سەری لەسەر دەفتەرێكە و قاچی ڕووە و سەرەوە كە تا ئێستا چوار جار شكێندراوە.پاشتر لەڕۆژی رزگاری كردنی شاری كەركووكدا لە پرۆسەی ئازادی عێراقدا لە پاشماوە و پۆستاڵی سەربازەكانی رژێمی بەعس پەیكەرێكی قەبارە گەورەم دروستكرد لەجێی پەیكەرە برۆنزەكەی سەدامم دانا بەڵام پاش هەفتەیەك تەقاندیانەوە و سوتاندیان. دوابەدوای ئەوە رۆشتم بەرەو بەغدا لەجێی پەیكەرە گەورەكەی سەدام كەلە مەیدانی فیردەوسدا روخاندیان پەیكەری خۆری ئازادیم دروستكرد كە ماوەیەكی كەم پاش تەواوبوونی بە فیشەك لێیاندا و شكاندیان و ئێستا هەر نەماوە. دواهەمین كاریشم پەیكەری (پەی-كەر)ە كە لە باخچەی نالی لە سلێمانی دامنا كە بەداخەوە لەدوای هەشت رۆژ لە نمایشكردنی شكێندرا".
لەوەڵامی ئەوەی ئایا ئەوە بەس تۆیت پەیكەرەكانت دەشكێندرێت یاخود ئەو هەڕەشەیە لەسەر هەموو كارە هونەریەكانە گوتی: " شكاندن لەناو ئێمەی رۆژهەڵاتیدا كلتورە, شكاندنی مرۆڤ شكاندنی ئیحساس و شكاندنی هەموو روحەكان و پێم وایە شكاندنی پەیكەریش مێژوویەكی دێرینی هەیە لەناو ئێمەی خۆرهەڵاتیدا بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە پێم وایە پشكی شێری بەر من كەوتووە".
زیرەك میرە زۆرینەی كارەكانی لە شاری سلێمانی نمایشكردووە و تا ئێستا شەش پەیكەری لەو شارە داناوە كە بریتین لە پەیكەرەكانی" ژینگە" كە لە قتوە بیرەی سەیرانگاكان دروستكرا و پەیكەری"سات" كە لە 170 هەزار فیلمی نێگەتیفی فۆتۆگرافی دروستكرا و پەیكەری "نووسەرێك لە قەڵەم" و پەیكەری "شێتێكی سلێمانی" و "كیسەڵ" و "پەی-كەر ".
بەڵام لە ئێستادا تەنها سێ لەو پەیكەرانەی ماون كە بریتین لە "نوسەرێك لە قەڵەم" و "پەی-كەر" و "پەیكەری كیسەڵ".لەم دیمانەیەدا چوینەوە لای كارە هونەریەكانی و بۆ هەر یەكێكیان پەیامی پشت كارەكەی بۆ رونكردینەوە.
لەبارەی پەیكەری نووسەرێك لە قەڵەمەوە گوتی: "دوو مەبەستی تێدایە یەكەمیان ئەوەیە هەمیشە كەنووسەر شتێك دەنوسێت سەرەتا ئایدیا و بیرەكە لە مێشكەوە سەرچاوە دەگرێت و دواتر دەخرێتە سەر كاغەز واتە مێشكی نووسەران سەرچاوەی نووسینەكانیانن وە پەیامی دووەمم ئەوەیە كە دەبێت ئێمە رێز لە نووسەران بگرین بۆیە بەو هۆیەی ئەم پەیكەرە بە پێچەوانەوە دانراوە هەركات بتەوێت سەیری دەموچاوی بكەیت بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت دەبێت بۆی دانەویتەوە و ڕێزی لێبنێیت".
لە بارەی پەیكەری "پەی-كەر"یشەوە گوتی: "ئەم پەیكەرەم فرە مانایە بە جیاواز لە هەموو پەیكەرەكانی ترم, ئەگەر پەیكەرەكانی ترم پەیامەكەی وەڵام بوبێت بۆ بابەتێك ئەوا ئەمە ناوەكەی پرسیارە و من ناوەكەیم بەهێندەی پەیكەرەكە بەلاوە گرنگە,و شیكردنەوەی ناوەكەی ئەوەیە كە ئایا پەی پێدەبەیت كە كەرە؟و بیرۆكەی پەیكەرەكەم لە شعرێكی نالیەوە بۆ هات كە یەكەمین شعری ئاژەڵ دۆستیە لە ئەدەبی كوردیدا و سەرەتای بیرۆكەكەم لەوەوە بۆ هات و خۆشی گەلێك مانای تری هەیە كە من دەمەوێت بینەر خۆی بیری لێبكاتەوە. پەی-كەر وەك زیرەك میرە خۆی پێشبینی كردبوو دوای هەشت رۆژ لە نمایشكردنی شكێندرا لە وەڵامی ئەوەی بەبڕوای تۆ كێن ئەوانەی ئەم كارەیان پێ هەزم نەكراو شكاندیان گوتی: "من پێم وایە ئەم پەیكەرە ئاوێنەیە كێ خۆی تیا بینی ئەو شكاندی" .لەبارەی رێگریەكانی حكوومەت و دەسەڵاتی شارەكان بۆ كارە هونەریەكانی گوتی: "رێگری نییە بەس نا تێگەیشتن هەیە كە پێم وایە جیاوازیەكی ئەوتۆیان نییە, چونكە نایەن بە تۆ بڵێن لەبەر ئەو كارە هونەریەی تۆ ئەو مانایەی هەیە و ئەو مانایە دەبەخشێت بۆیە لەگەڵ ستراتیج و ئایدۆلۆجیا و بیركردنەوەی حكوومەت و دەسەڵاتەكەی مندا ناگونجێت بۆیە تۆ نابێت ئەو كارە بكەیت ئەو ئەمە ناكات و لە كارەكەت تێناگات بۆیە عەزێتت ئەیەن كە من لام وایە جیاوازیەكی نییە لەگەڵ رێگریدا و شوێنی دانانی پەیكەرەكانیشمان گرفتێكی تری گەورەیە كە بەرۆكی گرتوین".
زیرەك میرە جگە لە كاری پەیكەر تاشی خاوەنی چەند فیلمێكی دۆكۆمێنتاریە و لە هەردوو بواری پەیكەر تاشی و فیلمسازیدا چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2003 بۆ 2004یشدا خەڵاتی باشترین پەیكەرتاشی لاوی هەرێمی كوردستانی پێدرا. خاوەنی چەند پێشانگایەكە لە نێوخۆ و لە دەرەوەی ووڵات و ئێستاش لە ئامادەكاریدایە بۆ پێشانگایەكی تایبەتی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.لەبارەی پڕۆژەی تازەشی گوتی: "پرۆژەی پەیكەری خۆشەویستیم هەیە لە سلێمانی بەنیازین ئەنجامی بدەین و لە بەرنامەشماندا هەیە لە بەریتانیا مۆنۆمێنتێك دروستبكەین بۆ ئەو سەربازە بەریتانیانەی لە ئازادكردنی ئەم ووڵاتەدا خۆیان بەخت كرد".
دەربارەی داواكاری و پێداویستی هونەرمەندان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان گوتی: "من بۆخۆم تا ئەم كاتە هیچ پارەیەكم لە هیچ لایەنێكی حكوومەت وەرنەگرتوە بۆ كارە هونەریەكانم و داواشم نەكردووە, بەڵام گرنگە حكوومەت بیر لەوە بكاتەوە لەڕێی نوێنەرایەتی و كۆنسوڵخانەكانی لە ووڵاتانی دەرەوە كەرنەڤاڵ و فیستیڤاڵی ساڵانە ریكبخات تا هونەرەكەمان بە دەرەوە بناسێنین و بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێین راستە جینۆسایدكراین و كوژراین و ئازاردراین بەڵام هونەرمان فەرامۆش نەكردووە و گەلێكی هونەر دۆستین".
news_share_descriptionsubscription_contact

