Cemal Sargati
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2017
سلێمانی-AA
ئەفراح ئیبراھیم لەدایک بووی ساڵی ١٩٧٩ی شاری کەلارە و ئەندامی دەستەی گشتی کۆمەڵەی رۆژە لە گەرمیان، ھەروەھا ئەندامی گرووپی کیژانی شێوەکاری کفری-یە و خاوەنی پێداویستی تایبەتە. لھۆن فەریح نەسروڵڵا لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣ی شاری ھەڵەبجەیە و قۆناغی ٣ ناوەندی تەواو کردووە و بەشداری ٩ پێشانگای کردووە و ئەندامی کۆمەڵەی رۆژە و خاوەن پێداویستی تایبەتە.
لەبارەی پێشانگاکەیانەوە ھەردوو ھونەرمەندی خاوەن پێدوایستی تایبەت رایانگەیاند، پێویستە ئەو کەسانەی کە خاوەن پێدوایستی تایبەتن ئەوانیش ھاوشێوەی ئێمە کار بکەن بۆ دەرخستنی تواناکانیان.
ئەفراح ئیبراھیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خاوەن پێداویستی تایبەتم زۆر دڵ خۆشم کە توانیم ئەم پێشانگایە بکەینەوە. بەچەند تابلۆیەک بەشداری ئەم پێشانگایەم کردووە".
ئەو گوتیشی: "من تاکو ئێستا لە ١١ پێشانگای ھاوبەش بەشداریم کردووە، ٤ پێشانگای تایبەتیشم کردوەتەوە لەم پێشانگایەدا بە١١ تابلۆ بەشداریم کردووە".
ئەفراح ئیبراھیم داوای لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی ھاوشێوەی خۆی کرد کە ئەوانیش کار بکەن بۆئەوەی وەک ئەو تاواناکانیان پیشانی خەڵکی بدەن و داواشی لە حکوومەت کرد کە زیاتر ھاوکاریان بکات بۆئەوەی کاری زیاتر بکەن.
ھەروەھا بەشداربوویەکی تری پێشانگاکە کە ئەویش خاوەن پێدوایستی تایبەتە بەناوی لھۆن فەریح نەسروڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە شاری شەھیدانەوە ھاتوومەتە سلێمانی، ئەمە ١٠ەمین پێشانگایە کە بەشداریم کردووە زۆریش دڵخۆشم کە توانیم بەشداری بکەم لەم پێشانگایە".
ئەو گوتیشی: "پێشانگاکەی ئەمڕۆ گوزارشتە لە ژیان و نەھامەتییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە رۆژانە رووبەڕووی دەبینەوە. لەم پێشانگایەدا بەپێویستم زانی بەکارەکەم ئاوڕێک لە قوربانیانی دەستی مین بدەمەوە کە بەھۆی مینەوە چەندەھا کەس بوونەتە قوربانی".
لھۆن فەریح نەسروڵڵا ئەوەشی گوت "ژمارەیەک پێشمەرگە بەھۆی شەڕەکانەوە کەمئەندام بوون کە بەھۆی مینەوە بوونەتە قوربانی، ئێمەش دەبێت ھەست بەئازاری ئەو قوربانیانە بکەین".
لھۆن فەریح نەسروڵڵا ئاماژە بۆئەوەش دەکات کە رێکخراوەکانی کەمئەندامان بەشێوەیەکی باش خزمەت نەکراون و رێکخراوەکانیش بەشێوەیەکی باش خزمەتی ئەوانیان نەکردووە بۆیە پێویستە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە زیاتر و باشتر خزمەتی ئێمەی کەم ئەندامان بکرێت.
ناوبراو داواشی لە کەمئەندامانی کوردستان کرد کە ئەوانیش بەھەر شێوەیەک و بەھەر بوارێک بێت خزمەتی ھەرێمی کوردستان بکەن تاکو بتوانن زیاتر تواناکانیان دەرکەوێت.