Muhammet Ali Kemal
12 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2016
- نووسەر و توێژەرێکی بواری فیقهی ئیسلامی، دوو دیوانی شیعریی هەریەک لە دامەزرێنەری مەزهەبی شافیعی، ئیمامی شافیعی و شاعیری ئێرانی، بابەت تاهیری عوریان کە بە چوارینەکانی بەناوبانگە، لە دووتوێی دوو کتێبدا بۆ زاراوەی زازایی وەرگێڕا.
- بیلال دورگون:
"کاتێک باسی زازاییەکان دەکرێت لەسەرچاوە عەرەبییەکاندا، دەڵێت بەشێک لە کوردەکان. تورکەکان بە کرمانجییەکان دەڵێن کورد و ئەوانیش بەخۆیان دەڵێن کورد. بەڵێ کرمانجییەکان بەشێکن لە کورد بەڵام زمانێک بەناوی کورد بوونی نییە، چونکە کورد ناوی نەتەوەیەکە''
''کورد گەلێکی هەڵگری ناسنامەی شافیعییە، کوردبوون و لەسەر مەزهەبی شافیعی بوون دوو چەمکن زۆر تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئیمامی شافیعی جگە لە فیقهیش، لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا وەک کەسێکی خاوەن هێز و توانا ناسراوە. واتە ئەگەر سەرچاوەی وشەیەک بگاتەوە بە شافیعی ئەوا بە وشەیەکی دروست هەڵدەسەنگێنرێت''.
نووسەر و توێژەری بواری فیقهی ئیسلامی، بیلال دورگون، دوو دیوانی شیعریی هەریەک لە دامەزرێنەری مەزهەبی شافیعی، ئیمامی شافیعی و شاعیری ئێرانی، بابەت تاهیری عوریان کە بە چوارینەکانی بەناوبانگە، لە دووتوێی دوو کتێبدا بۆ زاراوەی زازایی وەرگێڕا.
دورگون کە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا خوێندوویەتی و پسپۆڕی وردی لەسەر بابەتی ئوسوڵی فیقهە، سەبارەت بەو کتێبانەی بۆ زازایی وەرگێڕاوە زانیاری دایە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو.
بیلال دورگون ئاماژەی بەوەکرد پێشتریش کاری دیکەی لەسەر زاراوەی زازایی کردووە و گوتی:''هەر لە مناڵیمەوە کارم کردووە. بەڵام وەک کاری چاپکردنی کتێب، حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستم پێ کرد. یەکەم کارم وەرگێڕانی مەولودنامەی نەبەوی بوو بۆ مناڵان بەشێوەی زازایی. دواتر تەفسیری قورئانمان بە هەمان زاراوە بڵاو کردەوە. کە ئەوە کارێک بوو پێنج ساڵی خایاند. جگە لەوانەش کتێبێکی دیکەم لەسەر ژیانی پێغەمبەران بۆ منداڵان بۆ سەر زاراوەی زازایی وەرگێڕاوە''.
دورگون باسی لەوەکرد دوای کارکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ دیوانی شیعریی هەریەک لە ئیمامی شافیعی و شاعیری ئێرانی، بابەت تاهیری عوریان کە بە چوارینەکانی بەناوبانگە، لە دووتوێی دوو کتێبدا بۆ زاراوەی زازایی وەرگێڕاوە و گوتی:
''بابە تاهیر شیعرەکانی بە فارسی نووسیوە بەڵام خۆی کوردی هەمەدانە. لەسەدەی پێنجەمی هیجریدا ژیاوە. دیوانەکەی بابە تاهیر لە ئەدەبیاتی فارسیدا خاوەنی گرنگییەکی زۆرە. لەنێو خەڵکدا هیچ کەسێک نییە ئەو شاعیرە نەناسێت. لەنێو چینی خوێنەواریشدا هەمووان لانیکەم بەیتێک یان دوو بەیت لە شیعرەکانی ئەو دەزانن. لەهەندێک شوێندا وشەی کوردی بەکارهێناوە بەڵام ئەویش هاوشێوەی کوردەکانی دیکە زمانی دایکی بەکارنەهێناوە. هۆکاری ئەمەش بریتییە لەوەی لەو سەردەمەدا رێژەی خوێندەواریی لەنێو کوردەکاندا کەم بووە. بابە تاهیر دەروێش و سۆفییە. عارفێکە کە لەگەڵ دڵدا قسە دەکات. بابە تاهیر چوارینەی نووسیوە. تیشکی خستووەتە سەر ناڵینەکانی رۆح، عەشقی ئیلاهی و برینە کۆمەڵایەتییەکان. ئیمامی شافیعیش کتێبێکی شیعریی نەنووسیوە لەژێر ناوی دیواندا، لە چەند قۆناغێکدا لە چەند شوێنێک ژمارەیەک شیعری گوتووە، بە کۆکردنەوەی ئەم شیعرانە، کتێبێکی هاوشێوەی دیوان هاتووەتە بەرهەم. ئێمەش ئەمەمان وەرگێڕاوە. لەهەردوو کتێبەکەشدا، لەوەی بابە تاهیردا دەقە فارسییەکان و لەوەی ئیمامی شافیعیدا دەقە عەرەبییەکانمان داناوە. دوو مەبەستمان هەبووە لەم کارە، یەکەمیان ئەوەیە ئەو کەسانەی لە مەدرەسە ئاینییەکاندا دەخوێنن سوودی لێببینن و دووەمیشیان بۆ ئەوەی بەراودکاری لە نێوان دەقە ئۆریجیناڵەکان و وەرگێڕدراوەکاندا بکرێت''.
- ''کورد گەلێکی هەڵگری ناسنامەی شافیعییە''
بیلال دورگون باسی لەوەکرد کاتێک باس لە ئیمامی شافیعی دەکرێت ئەوەی یەکەمجار بە خەیاڵدا دێت فیقهە و شافیعی لەمبارەیەوە کەسێکی خاوەن هێز پەسەندکراوە، راشیگەیاند: ''کورد گەلێکی هەڵگری ناسنامەی شافیعییە، کوردبوون و لەسەر مەزهەبی شافیعی بوون دوو چەمکن زۆر تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئیمامی شافیعی جگە لە فیقهیش، لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا وەک کەسێکی خاوەن هێز و توانا ناسراوە. واتە ئەگەر سەرچاوەی وشەیەک بگاتەوە بە شافیعی ئەوا بە وشەیەکی دروست هەڵدەسەنگێنرێت''.
ئەو نووسەرە سەبارەت بە رەگ و ریشەی زاراوەی زازایی و زازاییەکان زانیاریی دایە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو و رایگەیاند: ''ئێمە لەبەر ئەوەی هیچ کەسێکمان نەبووە لەنێو خۆماندا بمانناسێنێت، ئەوەی کە پێناسەی ئێمە دەکات یان فارس، عەرەب یان تورکە. هەموو ئەمانە کورد بەسەر چوار زاراوە دابەش دەکەن؛ کرمانجی، زازایی، سۆرانی و گۆران. کاتێک باسی زازاییەکان دەکرێت لەسەرچاوە عەرەبییەکاندا، دەڵێت بەشێک لە کوردەکان. تورکەکان بە کرمانجییەکان دەڵێن کورد و ئەوانیش بەخۆیان دەڵێن کورد. بەڵێ کرمانجییەکان بەشێکن لە کورد بەڵام زمانێک بەناوی کورد بوونی نییە، چونکە کورد ناوی نەتەوەیەکە''.