Hemın Othman Mohammed
27 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
سەربازگەی عوسمانییەكان لە شاری كەركووك كە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بنیاتنراوە و خاوەن مێژوویەكی 153 ساڵیە، رووبەڕووی مەترسی رووخان بۆتەوە و داوای هاوكاری دەكرێت بۆ پارێزگاری لێكردنی.
سەربازگەكە، لە ساڵی 1863دا لەلایەن والی ئەو كاتەی بەغدا محەمەد نامیق (1862 – 1867) پاشاوە دروست كراوە و تا ساڵی 1985 لەلایەن سوپای عێراقەوە وەك بنكەیەكی سەربازی بەكارهێنراوە.
ئەو شوێنەوارە مێژووییە، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر وەك سەربازگەیەك بەكارهێنراوە بەشێوەیەكی بەرچاو تێكچووە، پاش ساڵی 1985 لەسەر میلاكی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە گواستراوەتەوە سەر میلاكی وەزارەتی رۆشنبیری. بۆ ماوەیەك پارێزگاری لێكرا و نۆژەنكرایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بە گشتی لە عێراق بەهۆی لاوازی ئاسایشی و قەیرانی داراییەوە وەك شوێنەوارە مێژووییەكانی دیكەی وڵات پشتگوێ خرا.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوارە مێژوویەكانی كەركووك ئەیاد تاریق، سەبارەت بەو سەربازگەیە بە ئانادۆڵوی راگەیاند "تەواوی شوێنەوارە مێژووییەكانی شارەكە لەم چەند ساڵەی دواییدا فەرامۆش كراون. سەربازگەی عوسمانییەكانیش یەكێكە لەو شوێنەوارانە. ئەم جۆرە شوێنەوارانەش بەردەوام پێویستیان بە چاودێری و نۆژەنكردنەوە هەیە، ئێمەش ئەو توانایەمان نییە".