ھەڵەبجە
شەوی رابردوو (چوارشەممە) ھێزەکانی پۆلیسی دارستان لە گوندی گریانە لە باکووری شاری ھەڵەبجە، پڵنگێکیان دۆزیوەتەوە کە پێشتر گیانی لە دەستدابوو.
پۆلیس دەڵێ، گریمانەی ئەوە دەکرێ بەهۆی پێوەدانی مار یان خواردنی خۆراکی ژاراوییەوە گیانی دەرچووبێ.
پڵنگەکە لە توخماتی پڵنگی جاکوارە و لە دوو مانگی رابردووسا، ئەوە دووەمین پڵنگی لەو جۆرەیە لە دەڤەری هەڵەبجە دەبینرێ بەڵام بە مردوویی.
موقەدەم ھێمن کەمەرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، پڵنگەکە لە باخی ھاووڵاتییەکی گوندی گریانە کەوتووە و درێژییەکەی زیاتر لە دوو مەتر و کێشی زیاتر لە ھەشتا کیلۆیە، رەگەزی نێرە و تەمەنی ساڵان دەبێ.
کەمەرخان گوتی: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پێدەچێ بەھۆی خواردنی ژاراویی یان پێوەدانی مارەوە مردار بووبێتەوە، تائێستا لە لێکۆڵینەوەداین. بەڵام دەزانین کە ئەم پڵنگە بە دەستی کەس نەکوژراوە، داواشمان لەڤێترنەریی کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو لەھۆکاری مرداربوونەوەکەی بکەن، ئەوسا زانیاری تەواومان دەست دەکەوێ."
مانگی رابردوو-ئایار- لە سنووری ھەڵەبجە و لە شاخی باڵامبۆ، پڵنگێکی دیکە جاگوار بە دەستی خەڵککوژرا، ئەو رووداوە نیگەرانی لای چالاکوانانی بواری سروشت و ژینگە دروستکرد.
سەبارەت بە کوشتنی ئەو پڵنگە. کەمەرخان گوتی: "ئەو پڵنگە کوژراوەش ھەر جاگوار بوو، لە لایەن کەسێکەوە کوژرابوو بە دڵنیاییەوە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی راوی ئەو راوچیانە دەکەین کە راوی ئاژەڵ و باڵندەکانمان دەکەن. تائێستاش لێکۆڵینەوە لەکوژرانی ئەو پڵنگەی شاخی باڵامبۆ بەردەوامە و وازی لێناھێنین تادەگەینە راوچیەکەی و بە دڵنیاییەوە دەیدۆزینەوە و دەیدەینە دادگا، وەکچۆن راوچی ورچە کوژراوەکەی پێنجوێنمان دوای سێ ساڵ دۆزییەوە."
کەمەرخان هەروەها گوتی: "بەخۆشحاڵیەوە زۆربەی ئەو جۆرە ئاژەڵانەی کە دەگمەنن و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە ، لە سنوورەکەی ئێمەدا ماون، لەبەر ئەوەی جێگایەکی ھێمن و ئارامە ھەر جێگایەک پارێزراوبێ، ئاژەڵانیش وەک مرۆڤ ھەستیان ھەیە و روو لەوێ دەکەن، تەنیا ئەم پڵنگە و ئەم جۆرە نین کە لە ناوچەکەماندا دەژین، بگرە چەند جۆرێکی دیکەی لێیە، لەبەر بارودۆخی ئەمنی شوێنی ئەو پڵنگانە دیاری ناکەین، نەک تەنیا لە سنووری ھەڵەبجە، بەڵکو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی چەندین جۆر ئاژەڵی دەگمەن ھەن کە لەجیھاندا بەرەو لەناوچوون دەچن بەڵام لای ئێمە پارێزراون."