ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەبۆنەی ھاتنی سەری ساڵی کۆچییەوە، کە سبەی سێشەممە دەکا، پیرۆزبایینامەیەکی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیھان کرد و ھیوای خواست ساڵی نوێ ساڵێکی ئارامتر و پیێشکەوتووتر بێ بۆ کوردستان و پێکھاتەکانی عێراقیش بەئارامی پێکەوە بژین.
لە پیرۆزبایینامەکەدا کە لە سایتی رەسمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمدا بڵاو کراوەتەوە، ھاتووە: "لە یادی کۆچی پڕشکۆی پێغەمبەری مەزنمان محەمەد (د.خ) و ھاتنی ساڵی ١٤٣٥ی نوێی کۆچیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ھەموو موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم. لە خوای میھرەبان داواکارم ساڵی نوێ بۆ گەلەکەمان پڕ خێر و بەرەکەت بێت و کوردستان ئارامتر و پێشکەوتوو بێت، ھیوای ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەش بۆ گشت پێکھاتەکانی عێراق و ھەموو مرۆڤایەتی دەخوازم."