بەغدا
سەرچاوەکانی ئەمنی عێراق ئاشکرایانکرد ژمارەیەک چەکداری نەناسراو خانوی دوو کارمەندی پۆلیسان لە قەزای ئەلکرمەی رۆژھەڵاتی ئەنبار تەقاندەوە و لە ئاکامدا چوار کەس کوژران و حەوتی دیکە برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر دوو خانوەکە کەوتووە.
دوای رووداوەکەش ھێزێن پۆلیس گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکان و دەستیان بە ھەڵمەتێکی فراوانی گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی دوو تەقینەوەکە دەستپێکرد.
ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی ھێرشی چەکداریی و تەقاندنەوەی خانووی ژمارەیەک لە بەرپرسان و کارمەندانی پۆلیس و ھاووڵاتیان، رەوشی ئەمنی قەزای ئەلکرمە بەشێویەکی بەرچاو بەرەو ئاڵۆزی رۆشتووە و بۆ ئارامکردنەوەی رەوشی ئاسایشی قەزاکەش ھێزەکانی پۆلیس لە ھەوڵی بەردەوامدان.
لە رووداوێکی دیکەشدا سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکرد بەرەبەیانی ئەمرۆ بۆمبێک لە باقوبە لەناو قەرەباڵخی شیعەكان كە بۆ رێورەسمی عاشورا کۆببونەوە تەقییەوەو لە ئاکامدا پێنج کەس کوژران و پازدەی دیکەش برینداربوون.
ماوەی چەند مانگێکە دەڤەرە جیاجیاکانی عێراق لەرووی ئەمنیەوە ئاڵۆزیەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێ و ژمارەی ھێرشی چەکداری و تەقینەوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.