موسڵ
هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی كە لە چیای شنگال، لەلایەن رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە گەمارۆ درابوون و لە دۆخێكی زۆر سەختدا ژیانیان دەگوزەراند، لەلایەن هێزەكانی پیشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەلوە لە رێگەی رێڕەوێكەوە ئازاد كران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئانادۆڵو كەوتووە، هێزەكانی پێشمەرگە و یەپەگە رێڕەوێكی ئەمنییان بۆ رزگاركردنی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانە دروست كردووە، كە ماوەی هەفتەیەكە لە چیای شنگال گیریان خواردووە.
دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و یەپەگە گەیشتە ئاوارەكان لە چیای شنگال، هەزاران خێزانی لێقەوماو لە چیاكە هاتنە خوارەوە و دوای ئەوەی دوو كاتژمێر بە پێ رۆیشتن، لە چەند خاڵێكی دیاری كراودا چەندین ئۆتۆمبێل لە گوند و شارۆچكەكانی دهۆك بۆ گواستنەوەی ئەو خێزانە ئێزیدیانە ئامادە كران.
لە پاش گەیشتنی خێزانەكان بە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆیان ئامادە كرابوو، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و یەپەگەوە ئاویان بەسەردا دابەشكرا، پاشان بەرەو سنورەكانی سوریا گواسترانەوە. هاوكات كارەكانی رزگاركردنی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی لەسەر چیای شنگال ماونەتەوە بەردەوامە.
پەیامنێری ئانادۆڵو لە ساتی دەرچوونی هاوڵاتییە ئێزیدییەكاندا لەو ناوچەیە بووە و شاهیدی دۆخی ئەو خێزانانە بووە. باس لەوە دەكات كە لەكاتی هەڵاتنیاندا، ئاوارەكان، منداڵان و بەساڵاچووی نەخۆشیان لە باوەش گرتبوو، ژنانیش هێزیان لێ بڕابوو، بە ئەستەم توانای رۆیشتنیان هەبوو. منداڵانیش ترس و ماندوێتی بە روخساریانەوە دیار بووە.
خالیس خدر، كە یەكێك بوو لەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی ماوەی هەفتەیەك لە چیای شنگال ماوبوونەوە، بە ئانادۆڵوی راگەیاند: "سەرەتا هەندێك نان و ئاومان پێ بوو. بەڵام لە دوو رۆژی یەكەمدا تەواو بوو. نە ئاومان پێما نە نان. رۆژگارێكی زۆر سەختمان بەرێ كرد. هێشتا هاونیشتمانییەكی زۆرمان لەسەر چیاكە ماون. پێویستە بەشێوەیەك یارمەتی ئەوانەش بدرێت. گەرنا سەدان منداڵی دیكەش دەمرن."
رێكخراوی داعش لە 3ی ئابدا دەستی گرت بەسەر شارۆچكەی شنگال كە دانیشتوانەكەی كوردی ئێزیدین. لەكاتێكدا پێشمەرگە ناچار بوو، بەرامبەر پەلامارەكانی داعش لەو ناوچانە پاشەكشە بكات، هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی روویان لە چیای شنگال كرد و لە چاوەڕوانی یارمەتیدا، بی چارە مانەوە.