Rewa Mahmood Hasan
10 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکانیان، وانەبێژانی سەر بە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیەک لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەنجام دەدەن.
بەمەبەستی داواکردنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەنجوومەنی وانەبێژانی کوردستان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن.
سەرجەم وانەبێژەکان لە هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و سنووری ئیدارەی گەرمیان بڕیاری گردبوونەوەیان داوە.
ئامانج لە گردبوونەوەکە دامەزراندنی ئەو وانەبێژانەیە کە تائێستا بە گرێبەست وانە دەڵێنەوە و بە فەرمی دانەمەزراون.
گردبوونەوەکەی سلێمانی لە کاتژمێر ٩:٣٠خولەک، لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانیدا دەستی پێکرد و دروشمەکانی، "بەڵێ بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی وانەبێژان" یان بەرز کردبوویەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو مژدە حەسەن عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەدا کە لەرووی ئەرکەوە وانەبیژان هیچیان لە مامۆستایان کەمتر نیە بەڵام لەرووی مافەوە هیچ جۆرە مافێکیان نییە. گوتیشی، هیچ رۆژێکی هەینی و ئۆفیان بۆ هەژمارە ناکرێت و هاوینانیش بەهەمان شێوە و دەڵێت، "لەڕووی مافەوە وەک کرێکارێکیش هەژمار ناکرێین، لەرووی پیشەییەوە رێزی مامۆستایەکی تەواومان بۆ دانانرێت. جوانترین تەمەنی خۆمان بە خوێندن بەسەر برد، ئەگەر بمانزانیایە دەبینە وانەبیژ ئەوا وەکو خەڵکانی تر لە سەرەتا و یان ناوەڕاستی خوێندندا دەستبەرداری دەبووین".
دوای ئەوەی نوێنەری وانەبێژانی سلێمانی مامۆستا کارزان فیزیک لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی مامۆستا دڵشاد عومەر کۆبوویەوە و داواکارییەکانی وانەبیژانی دایە دەستی ناوبرا.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مامۆستا کارزان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە بەڕێوەبەری گشتی پەرەوەردە داواکارییەکانی واژوو کردووە و بەبەرچاوی خۆیانەوە ئاراستەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و گوتی، "ئێمە ئێستا بە نوێنەرایەتی وانەبێژان لە سەرجەم پارێزگاکان گردبوونەوەمان ئەنجام دا، دوای ئەوەی کە لەگەڵ بەڕێز بەرێوەبەری پەروەردە مامۆستا دڵشاد کۆبووینەوە، دوای نیو کاتژمێر تاوتوێی داواکارییەکانی وانەبێژان، بەڕێزیان واژووی لەسەر داواکارییەکان کرد و ئاڕاستەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد".
مامۆستا کارزان هۆشداری ئەوەی دا کە ئەگەر گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیرێت ئەوا سەرجەم وانەبێژانی گرێبەست کە ژمارەیان ١٢ هەزار کەس دەبێت، وانە گوتنەوە بایکۆت دەکەن و گوتی، "ئێمە پێشتریش لە داواکارییەکانماندا ئاماژەمان بەوەدابوو کە ئەگەر لەماوەی یەک مانگدا وەڵاممان نەدرێتەوە، ئەوا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەین. هیوادارین ئێمەش، گرێبەستەکانمان بۆ بکرێتە هەمیشەیی و هاوشانی مامۆستایان لە هۆڵەکاندا وانەبڵێینەوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە یەکێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردەوە دەستمان کەوتووە، نزیکەی ١٢ هەزار وانەبێژی گرێبەست لە ناوەندەکانی خوێندندا وانە دەڵێنەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی خۆمان ئەو ژمارەیە ١٧ هەزار وانەبێژن. هەر بۆیە بەڕای ئێمە مامۆستای وانەبێژ بنچینەی سەرەکی خوێندنن لە هەرێمی کوردستاندا و ئەگەربێتو بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە کەرتی پەروەردە پەکی دەکەوێت. بۆیە ئێمەش هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستە".
لەبارەی داواکاری وانەبێژەکانەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هیواخوازن ئەو دوو داواکارییەیان بۆ دابین بکەن کە ئەوانیش، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی گرێبەستی ئەمساڵ و ساڵەکانی پێشووە بەبێ جیاوازی بەش و ساڵ، هەروەها هەژمار کردنی ساڵانی وانەبێژییە بە خزمەتی مامۆستایەتی.
شایەنی باسی، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بڕیاری دامەزراندنی هەموو ئەو مامۆستایانەی دەرکرد کە وەک گرێبەست دامەزراون بەڵام بڕیارەکە مامۆستایانی وانەبێژ ناگرێتەوە.