Aras Huseyin
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
دھۆک - AA
جەژنی جەمای ئێزدی ساڵانە لە پەرستگای لالش بەرێوەدەچێت و ئێزدییەکانی سەرتاسەری جیھان لە لالش کۆدەبنەوە و حەفت رۆژ رێورەسمی جەژن ئەنجام دەدەن، ئەمساڵ بەھۆی ڤایروسی کۆرۆنا و کۆچی دوایی رابەری رۆحی ئێزدییەکان، بابە شێخ ھیچ رێورەسمێکی ئەو جەژنە بەرێوەناچێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوودا، نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ئێزدی لە سەرتاسەری جیھان لە پەرستگای لالش کۆدەبوونەوە بۆ ئەنجامدانی رێورەسمی ئەم جەژنە.
لەمبارەیەوە بەرپرسی راگەیاندن لە نووسینگەی بنکەی لالش، لوقمان سلێمان بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە جەژنی جەما یەکێک لە گەورەترین و پیرۆزترین جەژنەکانی ئێزدییە کە بۆ ماوەی حەفت رۆژ رێورەسمی ئەم جەژنە لە پەرستگای لالش بەرێوەدەچێت کە لە حەوتی مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات تا سێزەی مانگی تشرینی یەکەم، بەڵام ئەمساڵ بە بڕیاری میری ئێزدی و ئەنجوومەنی روحانی ئێزدی، ھیچ رێورەسمێکی ئەم جەژنە بەرێوە ناچێت و ھیچ کەسێک سەردانی پەرستگای لالش ناکات.
لوقمان سلێمان گوتیشی: "ھۆکاری بڕیاردان لەسەر بەرێوەنەچوونی رێورەسمەکانی جەژنی جەما لەلایەن میری ئێزدی و ئەنجوومەنی روحانی ئێزدی دەگەڕێتە بۆ بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەبەر ئەوەی لەم جەژنەدا، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری خەڵکی ئێزدی لە پەرستگای لالش کۆدەبنەوە، ھوکارێکیتریش ئەوە بووە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، رابەری رۆحی ئێزدی، بابە شێخ کوچی دوایی کرد وەک رێزگرتنێک بۆ بابە شێخ ئەمساڵ رێورەسمەکانی جەژن ئەنجام نادرێن".
لوقمان سلێمان باسی لەوەش کرد کە دوای کارەساتی شنگال لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ رێورەسمی جەژنی جەما بەرێوەنەچوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ رێورەسمەکان بەرێوەچوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ئێزدی لە ناوخۆ و دەرەوە لە قەزای شێخان و قەزای شنگال، هەروەها ئەورووپا، رووسیا، جۆرجیا، ئەرمینیا و چەندین شوێنی تر لە پەرستگای لالش کۆدەبوونەوە و بۆ ماوەی حەفت رۆژ رێورەسمی ئەم جەژنەیان ئەنجام دەدا".
جەما بە واتای کۆبوونەوە دێت و لە حەوتی مانگی تشرینی یەکەمی ھەموو ساڵێک دەسپێدەکات و ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا، چەند رێورەسمێک بەرێوەدەچێت کە تیایدا ئێزدییەکانی سەرتاسەری جیھان روودەکەنە پەرستگای لالش لە قەزای شێخان و بەشداری لە رێورەسمەکاندا دەکەن.
جەژنی جەما جەژنی ھەرەگرنگی ئێزدییەکانە و لە پەرستگای لالش بەرێوەدەچێت و دەبێت بڕیارێکی پێشوەختە لەلایەن ئەنجوومەنی روحانی ھەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی جەژنەکە، چونکە کاتێک بارودۆخی ئێزدییەکان خراب بێت ئەو جەژنە بەرێوە ناچێت.