Zana Natık Kerem
29 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2017
نەینەوا ــ AA
بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی، حوسێن كۆرۆ قاییدی رایگەیاند كە چوار ئافرەتی رفێنراوی ئێزدی و ئافرەتێكی دیكەی رفێنراوی مەسیحی لە ناوچەیەكی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش لە سنووری شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، هەڵاتن و خۆیان رزگاركرد
حوسێن كۆرۆ قاییدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لە دوو پرۆسەی جیادا، چوار ئافرەتی رفێنراوی ئێزدی و ئافرەتێكی دیكەی رفێنراوی مەسیحی لە ناوچەیەكی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش لە سنووری شاری تەلەعفەر هەڵاتن و بە سەلامەتی خۆیان گەیاندە لای هێزەكانی پێشمەرگە لە دەورووبەری ناحیەی عەیازییە سەربە قەزای تەلەعفەر".
بەرپرسی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێك لە ئافرەتە رزگاربووە ئێزدییەكان تەمەنی ٤٠ ساڵە و سێ رزگاربووەكەی دیكە تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ٢٠ ساڵدایە و ئافرەتە رزگاربووە مەسحییەكەش تەمەنی ٣٠ ساڵە و دانیشتوی قەزای حەمدانیەی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوایە.