Hazhar Hakim
01 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2017
هەولێر- AA
لە رێورەسمێکدا بە بەشداری چەندین بەرپرسی حکوومی و حزبی لە ھەرێمی کوردستان ٣٨ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، لەسەر مەزاری نەمران لە گوندی بارزان بەرێوەچوو.
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری نەمران، سۆز و وەفایان بۆ سەرکردەی کورد مەلا مستەفا بارزانی دووپاتکردەوە.
رێوڕەسمەکە بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزلێنان لە شەھیدان دەستی پێکرد، پاشان نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، خەڵات بارزانی لە گوتەیەکدا بەگەرمی بەخێرھاتنی میوانانی کرد و ئاماژەی بە رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی کرد لە شۆڕشەکانی رابردوودا وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر لە ناوچەکەدا هەمیشە پێگەیەکی بەهێزی هەبووە.
نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەسەر مەزاری نەمران گوتی: "رێبازی بارزانی کۆڵنەدان و عەقیدەیە، رێبازێک لەپێناو قبوڵنەکردنی ستەم و تێکۆشان بۆ رزگاری بوو، ھەر بۆیە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، دەبێت دەوڵەتی خۆمان ھەبێت و ھەر پێیدەگەین".
خەڵات بارزانی گوتیشی: "چەند رۆژێکە خەڵک بە تەنیا و زۆرێکیش بە خێزانەوە بە رێپێوان لە رێگای مەزاری نەمرانن و بەرەو بارزان دێن، ھەڵەبتە لەم مانگەدا دوو یاد ھەیە، یەکێکیان وەک ئەمڕۆ کە١/٣ یە کە ساڵیادی کۆچی دواییی بارزانیی نەمرە، ئەوی دیکەیان ١٤/٣یە کە رۆژی لەدایکبوونی بارزانییە، گرینگە لەم دوو بۆنەیەدا ئێمە ھەوڵ بدەین بۆ یەکڕیزیی میللـەتی خۆمان و گەلی خۆمان، ئێمە ئێستا دەبێت ھەوڵبدەین بۆ سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان، کە ئەمە ھەمیشە ئامانجی بارزانیی نەمر بووە و بۆی تێکۆشاوە. ئەمڕۆیش سەرۆک بارزانی وەک درێژەپێدەری رێبازەکەی بە خوێنی خۆی نەخشەی وڵات دەنەخشێنێت.''
خەڵات بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە ئەگەر سەربەخۆیی بە شۆڕشە، وا شۆڕشمان نەپساوەیە و ئەگەر خوێنە تا ئەمڕۆش رووبارێک خوێنمان داوە، ئەو ئامانجانانەش پەنا بە خوا لەسەردەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و بە پشتیوانیی خێزانی شەھیدان و میللـەتی قارەمانی گەلی کورد دێتە دی.
لە لایەکی دیکەوە وەکو کولتوورێکی ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرکردەی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی بە ھەزاران دار دەچێندرێن.
ھەر ئەمڕۆش لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ھەر چوار قەزاکانی سۆران ٤ ھەزار نەمامیان چاند و ئەندامی رێکخراوی بوێری ژینگەدۆستی، محەمەد هەسنانی بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند کە دەیانەوێت لە رێگای دارچاندن و سەوزکردنی ھەرێمی کوردستان پەیامی سەربەخۆیی بگەینین.
ھەسنانی ھاوکات وەک چالاکوانێک جەختیکردەوە کە ئێمە وەک دەستەی رێکخراوی بوێر رێکخراوێکی ناوچەیی نین بەڵکو چاڵاکییەکانمان لە تەواوی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە ھەر لەو رۆژە خەمناکەی بەسەر کوردا ھات کە کۆچی سەرکردەی رۆحی نەتەوەکەمانە لە رێگای چاندنی ١٠٠ دار بەڕوو لە ناو سەنتەری شاری سۆران رۆحەکان زیندوو دەکەینەوە و بارزانی بە بیردەھێنینەوە.
مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانیە و لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی بارزان، لەدایکبووە.
لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتیی کوردستان راگەیەندرا، دوای ماوەیەک حکوومەتی عێراق دەستیکرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرتاسەری وڵات. بارزانی نەمر، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە١ـی ئازاری ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ ئێران دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت و لەدوای راپەڕینیش لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکەی گواستراوە بۆ بارزان.