Rewa Mahmood Hasan
21 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2020
سلێمانی - AA
سین و زەرف یاریەکی دێرینی کەرکووکی و هەولێرییەکانە و تایبەتە بە شەوانی رەمەزان کە دوای رۆژێکی سەختی رۆژووگرتن، شەوانی خۆیانی پێبەڕێ دەکەن.
لەئێستادا کۆمەڵێک گەنج ئەو یاریەیان هێناوەتە شاری سلێمانی و کۆمەڵێک گەنج و بەتەمەنیان لە چواردەوری ئەو یاریە کۆکردۆتەوە و بەدەم خواردنەوەی چاو قاوە و گوێ گرتن لە قۆریات کە مەقامێکی تایبەتە بە کەرکووکییەکان بەدەنگی سترانبێژ هابە، سەرقاڵی یاری سین و زەرف دەبن.

ئەم یاریە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر کۆن و تایبەتە بە کەرکووکییەکان، ئێستا لە سلێمانی و هەولێریش ئەم یارییە دەکرێت لە شەوانی رەمەزاندا.
سینیەکە ١١ زەرفی مسی لەسەر جێگیر دەکرێت بە شیلەوە بە سینیەکەوە جێگیر دەکرێت. دوو ستاف بەرامبەر یەک دادەنیشن هەریەکەیان لە سێ کەس پێکدێت. دوو کەسیش کە چاودێری و بەڕێوەبردنی یارییەکەیان لە ئەستۆیە ناوی وەستا و شاگردیان لێنراوە.

وەستا ئەرکی شاردنەوەی گوڵەکانە کە لەنێو سینیەدا بۆ تیمی بەرامبەر و ئەگەر ئەو گوڵە نەدۆزرایەوە، ئەوا چەند زەرف مابێت ئەوەنەیان لەسەر حساب دەکرێت لە یاریەکەدا و لە ١٠٠ خاڵ تەواو دەبێت، هەرکەسێک ئەو ١٠٠ خاڵەی گرت پێی دەڵێن؛ دینگە کە یاریەک لە دوو دینگە پێکدێت. واتە دوو ١٠٠ خاڵی، هەرکاتێکیش بەرامبەربوون ئەوا یاری سێیەم دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی لایەنی براوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، نزار کەرکووکی باس لەوە دەکات کە یاریەکە چێژێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوان، چونکە تایبەتە بە شەوانی رەمەزان و پێکەوە کۆمەڵێک برادەر کۆدەکاتەوە و دەڵێت "دەستووری یاریەکە وەهایە کە تەنها لە کاتی رەمەزاناندا خۆشە و دواتر هیچ خۆشیەکی لێ نابینرێت کە ئەنجام بدرێت. یارییەکی زۆر خۆشە هەموو وەکو برا پێکەوە ئەو ٣٠ رۆژەی رەمەزان پێکەوە دەبین. برادەری وا هەیە تەنها لەکاتی یاری سینی و زەرفدا دەیبینم کاتەکانی تری ساڵ نایبینم".

خاوەنی کافتریاکە گەنجێکە بەناوی پێشکەوت جەلال ئەو باس لەوە دەکات کە ئەوان سێ گەنجن و شوێنێکیان کردۆتەوە تایبەت بە یاری سینی و زەرف و دەڵێت "ئێمە سەیرمان کرد لە سلێمانی دوورین لەو خۆشیەی لە یاری سین و زەرفدا هەیە، بۆیە بڕیارمان دا کە یاریەکە بهێنینە شاری سلێمانی هاوشێوەی کەرکووک و هەولێر. ئەوە ماوەی سێ ساڵە توانیومانە سەرجەم ئەو پێکهاتانە کۆبکەینەوە لە شاری سلێمانی-دا و سەرقاڵی یاری سین و زەرف بن".
پێشکەوت ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە دانانی ئەو شوێنە دەستخستنی ماددی نییە بەقەدەر ئەوەی کە هەوڵ دەدات هاوشێوەی عێراق و شارەکانی تر، سەرجەم پێکهاتەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە لە یەک شوێندا، تاکو بەخۆشی و برایەتییەوە کاتێکی خۆش بەسەر بەرن.

پێشکەوت باس لەوە دەکات ئەمساڵ بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانی تایبەت بەخۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رۆژەکانی ناوەڕاستی رەمەزاندا توانیویانە شوێنەکەیان بکەنەوەو دەڵێت "بەلەبەرچاو گرتنی رێنماییە تەندروستییەکان توانیمان لە رۆژاکانی تری رەمەزاندا شوێنەکە بکەینەوە و بەهیواین لە ساڵانی داهاتوودا کارەکەمان فراوانتر بکەین و پێشوازی زیاتر لە برا تورکمان، عەرەبەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی تر بکەین لە سلێمانی".