Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2023
هەولێر - AA
لە چوارچێوەی یادەکانی ئادار و نەورۆزدا، سێیەمین پێشانگای گوڵ و باخچە بە بەشداری ٢٥ کۆمپانیا کرایەوە.
پێشانگاکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاڕک و باخچەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر سەرپەرشتی دەکرێت و تیایدا چەندین دار، گوڵ و دیزاینی سەرنجڕاکێش نمایشکراوە و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا گوتی: "لە بەردەوامی ئەنجامدانی چالاکییە هونەریی، رۆشنبیریی و ژینگەییەکان کە لە چوارچێوەی ١٣هەمین فێستیڤاڵی ئادار و نەورۆز بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ سێیەمین پێشانگای گوڵ و باخچەمان کردەوە کە تیایدا ژمارەیەک کۆمپانیا بەشدارن، هیوادارین کردنەوەی ئەم پیشانگایە بەشێکی دیکە بێت بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەبارەی پەرەپێدان بە رێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، ئەمە جگە لە نیشاندانی دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش".
کۆمپانیای گرینلاند بە بابەتی نمایشکردنی دیزایین، نافورە، دار و گوڵ بەشداری پێشانگاکەی کردووە خاوەنی کۆمپانیاکەش ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە بەشداری پێشانگاکە دەکەن و بۆ ئەمساڵیش زیاتر بە نافورە و دیزایینی باخچەکان بەشداریان کردووە.
خاوەنی کۆمپانیای گرین لاند، عەبدولرەحمان سەعید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە سێیەم پێشانگایە ئێمە بەشداری تیادا دەکەین، ساڵانەش لە هەڵسەنگاندنی بابەتەکان و بەشداریکردنمان پلەی باشمان وەرگرتووە، بۆ ئەمساڵیش بە نمایشکردنی شێوازێکی نوێی دیزایینکردنەوە بەشداریمان کردووە، دیزایینەکان زیاتر تابلۆ و نافوورەن، هەروەها گوڵی سروشتی و دەستکردیشمان نمایشکردووە".
عەبدولرەحمان سەعید گوتیشی :"جگە لە بوونی بەرهەمی ناوخۆ، هاوکات بەشێکی دیکەی بەرهەمەکانمان لە وڵاتانی، تورکیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بە کوالێتییەکی بەرز هاوردە دەکەین، ئامانجمانە لەم سێ رۆژەدا، هاووڵاتییان سەردانمان بکەن و لە نزیکەوە بەرهەمەکانمان ببینن".
دار و گوڵی گرانبەها، دیمەنێکی جوانی بە پێشانگاکە بەخشیووە و خاوەنی کۆمپانیای رۆزینا فڵاوەر، سۆران محەمەد لەبارەی بەشدارییکردنییان لە پێشانگاکە گوتی: "ئەمە دووەمجارە بەشداری پێشانگاکە دەکەم، ئامانجمان ئەوەیە کە بابەتەکانمان بە خەڵک بناسێنین کە زۆرینەی بابەتەکانیش گوڵن".
لەبارەی جۆر و گرانترین بابەتی نمایشکراو، سۆران محەمەد گوتی: "گوڵەکان زۆربەی لە هۆڵەندا، تورکیا و ئێران هاوردە دەکەین، ئێستا زیاتر گوڵی ژوورەوە خواستی لەسەرە تا گوڵی دەرەوە، ئەو جۆرە گوڵانەیشی کە لە ژوورەوە دادەنرێن بریتیین لە زامبیا، یۆگا و لەبلەب و چەند جۆرێکی دیکە".
لەبارەی گرانترین جۆری ئەو بابەتانەی کە نمایشیان کردووە، سۆران محەمەد گوتی: "جۆری ئەبڵەق گرانترینە کە ئێمە نمایشی دەکەین کە ٢٣ گەڵای هەیە و نرخی هەر گەڵایەک نزیکەی ٦٥ هەزار دینارە".