Ömer Ürer
08 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2023
دوزجە - AA
مامۆستایەکی بیرکاری کە لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا لە گوندی هاوسەرەکەی نیشتەجێ ببوو، لە باخێکی گوڵی لاڤاندەردا کە خۆی دروستی کردووە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی هەنگوین و بەرهەمە جوانکاری و پزیشکییەکانە.
ئەو مامۆستایە ناوی ئێسرا ئەسەرە و تەمەنی ٤٥ ساڵە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت ساڵ مامۆستای بیرکاری بووە، لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا روویکردووەتە گوندێکی سەربە پارێزگای دوزجە و لای کەسوکاری هاوسەرەکەی نیشتەجێ بووە و لە گوندەکەیاندا دەستی بە کاری باخداری و هەنگەوانی کردووە.
دواتر بە هاوکاری دەوڵەت باخێکی گوڵی لاڤاندەری دروست کردووە، لەپاش وەرگرتنی مەشق و راهێنانی تایبەت بە گیادەرمانیی زانکۆی دوزجە، لە دوکانەکەیدا دەستی بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی کردووە.
ئێسرا ئەسەر لە پاڵ کاری باخداریدا راهێنانی تایبەت بە هەنگەوانیشی وەرگرتووە و لە باخەکەیدا دەستی بە بەرهەمهێنانی هەنگوینی گوڵی لاڤاندەر کردووە.
لە لێدوانێکیشیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەسەر ئەوەی خستەڕوو کە ماوەی سێ ساڵە کاری باخداری دەکات و سەرەتا وەک خولیایەک دەستی بە رواندنی گوڵی لاڤاندەر کردووە بەڵام دواتر بووەتە پیشەیەکی خۆشەویست لەلای. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەشدا هەم لە بواری باخداری و هەم لە بواری هەنگەوانی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوەبینیوە.
دەربارەی کارکردنی خانمانیش ئەسەر باس لەوە دەکات کە خانمان دەتوانن هەموو کارێک بکەن بەڵام پێویستییان بە پشتیوانی خێزانەکانیانە، دەشڵێت: "ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا، کاری مامۆستایەتیم نەدەکرد بەڵکو دەستم دەکرد بە کاری ناو کێڵگە. زۆر بەختەوەرم، هاوسەرەکەشم زۆر بەختەوەرە. کاری باخداری مرۆڤ بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. بە هەموو ئەو کەسانە دەڵێم کە چاوەڕێی خانەنشینبوون دەکەن، هەرکەسێکتان لە ژیانی خۆی رازی نییە با بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی و گرنگی بە کاری باخداری بدات".