Ali Makram Ghareeb
23 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
نەینەوا- AA
ئەحمەد خەیالی گەنجێکی دانیشتووی شاری مووسڵە و نزیکەی یەک ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا، بێچووە شێرێک بەخێودەکات.
ئەو گەنجە ٢٥ ساڵە خولیایەکی زۆری بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە و لە ماڵەکەی خۆیدا چەندین جۆر ئاژەڵی هەیە، ١١ مانگ بەر لە ئیستاش کاتێک سەردانی شاری هەولێری کردووە بێچووە شێرێکی کڕیوە کە تەمەنی تەنها ١٠ رۆژ بووە.
ئەحمەد خەیالی بێچووە شێرەکەی ناوناوە "سیمپا" و لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە سیمپا لە جۆری ئەفریقی شێرە و ئاژەڵێکی کێوی و گۆشتخۆرە، بەڵام بە تێپەڕێنی کات ماڵی بووە لەئێستاشدا بووەتە جێگای سەرنجی دراوسێ و دانیشتوانی گەڕەکەکەی.
پێشتریش ئەو گەنجە مووسڵاوییە هەر لە ماڵەکەی خۆیدا چەندین جۆر ئاژەڵی وەک پشیلە، سەگ و تەیرولحوبی بەخێوکردووە، باس لەوەش دەکات کە شتێکی ئاسان نەبووە لە بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵییەوە بچێتە سەر بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی، بەڵام بەهۆی خوێندنەوە و بەدواداچوونەوە توانیویەتی سەرکەوتووبێت.
خێزانی ئەحمەد خەیالی لە سەرەتادا رازینەبوون کوڕەکەیان بێچووە شێرێک بەخێوبکات، بەڵام ئەحمەد توانیویەتی رازییان بکات و بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ دۆخەکە راهاتوون.
ئەو گەنجە سەرەتا بێچووە شێرەکەی بە شیر بەخێو کردووە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە بە ١٠ کیلۆ گۆشتی مریشک بەخێوی دەکات، دەشڵێت "رۆژانە بە دەستی خۆم خواردن و ئاوی دەدەمێ. بەخێوکردنی قورس نییە بەڵام قۆناغی راهێنانی قورسە. ماڵیکردنی شێر بابەتێکی جیدییە و پێویستی بە پەروەردە و ئەزموونی جیددی هەیە. لەئێستادا هەموو شتێک بەو شێوەیەیە کە دەمەوێت، بەڵام دوای دوو ساڵی دیکە دەبێت بەشێوەیەکی جیددیتر پەروەردەی بکەم".
24.05.2022 گەنجێکی عێراقی ماوەی ساڵێکە بێچووە شێرێک بەخێودەکات
- ئەو گەنجە سەرەتا بێچووە شێرەکەی بە شیر بەخێو کردووە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە بە ١٠ کیلۆ گۆشتی مریشک بەخێوی دەکات.