Muhammed Emin Canik,Fuat Kabakcı
21 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2020
بۆینس ئایرس - AA
وێڕای رێوشوێنەکان، تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نەتواندراوە رێگری بکرێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19).
وەزارەتی تەندروستیی بەڕازیل نوێترین ئامارەکانی تووشبووانی ڤایرۆسەکەی بڵاو کردەوە.
بەپێی ئامارەکان لە میانی ٢٤ کاتژمری رابردوودا، ژمارەی ئەو تووشبووانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، ٦٣٢ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ٨٠ هەزار و ١٢٠ کەس.
هەروەها ٢٠ هەزار و ٢٥٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە، دوو ملیۆن و ١١٨ هەزار و ٦٤٦ کەس.
زۆرترین حاڵەتەکانیش لە شاری ساوپاولۆ ناوەندی بازرگانیی ئەو وڵاتە تۆمار کراون کە ٤١٦ هەزار و ٤٣٤ حاڵەتی تووشبوون و ١٩ هەزار و ٧٨٨ حاڵەتی گیان لەدەستدانن.
بەڕازیل لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانەوە لە دوای ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکا لە ریزبەندی دووەمی جیهاندایە.
بەهەمان شێوە ژمارەکان لە هیندستان لە هەڵکشاندان.
وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ٥٨٧ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ٢٨ هەزار و ٨٤ کەس.
هەروەها ٣٧ هەزار و ١٤٨ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمار کراون و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە، یەک ملیۆن و ١٥٥ هەزار و ١٩١ کەس.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە ماڵپەڕی "Worldometer"بڵاوی کردوونەتەوە، هیندستان لە دوای ویلایەتە یەگکرتووەکانی ئەمریکا و بەڕازیل لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوە لە ریزبەندی سێیەمدا دێت.
بەهەمان شێوە وەزارەتی تەندروستیی مەکسیک لە بارەی دوایین ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ٣٠١ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ٣٩ هەزار و ٤٨٥ کەس.
ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیش، پێنج هەزار و ١٧٢ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ٣٤٩ هەزار و ٣٤٦ حاڵەت.
یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ٢٨ی شوباتی رابردوودا لە مەکسیک تۆمار کرا، هەروەها لە ١٩ی ئاداری رابردوودا، یەکەم حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکە تۆمار کرا.