Heman Hussein Yaseen
13 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2020
ھەولێر - AA
لە ئەگەری دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەوا سەرجەم گەشتەکان لەژێر چەند رێنماییەکی وەزارەتی تەندروستیی ئەنجام دەدرێن و پشکنین بۆ سەرجەم گەشتیاران دەکرێت.
پشکنینەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و لەژێر چاودێری تیمەکانی تەندروستیی ئەنجام دەدرێن و بڕێک پارە لەبەرامبەر هەر پشکنینێک وەردەگیرێت.
بەپێی رێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، پێویستە گەشتیار ھەموو کەلوپەلەکانی تایبەت بەخۆی لەلابێت و رێنماییە تەندروستییەکانیش جێبەجێ بکات وەک بەکارھێنانی دەمامک و دەستکێش.
بەرپرسانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هۆشداری ئەوەیان داوە کە توانای تەندروستی هەرێم سنووردارە و لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەکە و تووشبوونی زیاتری خەڵک ناتوانن وەڵامدەری هەموو خواستەکان بن.
رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەھۆی گیانلەدەستدانی چوار تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) لە ئێران، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەرجەم گەشتەکانی لەڕێگای فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران داخست و دواتریش رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی بەڕووی گەشتیاران داخست و ئەم ھەنگاوەیشی وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتەبەر.
بەپێی ئامارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە میانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا کە تەنیا ھاتوچۆی دیپلۆماتکاران، کارگۆ و سەربازی رێگەپێدراو بوو، لەگەڵ ئەو ھاووڵاتییانەی کە بەھۆکاری خوێندنەوە لە وڵاتانی دەرەوە گیریان خواردوو، ٤٤ ھەزار و ٦٦٦ ھاووڵاتی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە گەشتیان کردووە و شەش ھەزار تۆن کەلوپەل لەڕێگای فڕۆکەخانەوە ئاڵوگۆڕی کردووە، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ فڕۆکە لەڕێگای ٤٤ ھەزار گەشتەوە ھاتوچۆیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، تەلار فایەق رایگەیاند کە بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان تا ٢٢ی تەمووز درێژکراوەتەوە و ئەویشی خستەڕوو کە ئەوان ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ئەگەری دەست پێ کردنەوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر.