Ebru Şengül Cevrioğlu
15 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٨٢ دۆلار و ١٢ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ٨٣ دۆلار و ١٥ سەنت و رۆژەکەی بە ٨٢ دۆلار و ٧٠ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٣١، بەراورد بە نرخی داخستنی لە دوێنێدا، بەڕێژەی لەسهدا ٠،٧٠ دابەزینی بهخۆیهوه بینی و بە ٨٢ دۆلار و ١٢ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٧٦ دۆلار ٦٣ سەنت فرۆشرا.
ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوو لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، بووە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست ئەمەش کاریگەری بەسەر دابەزینی نرخی نەوتەوە هەبوو.
لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی (FOMC) بانکی ناوەندیی ئەمریکا (Fed) دوێنێ لە دوایین کۆبوونەوەی ئەمساڵدا سیاسەتی سووی بە رێژەی ٥٠ خاڵ بەرزکردەوە و گەیشتە نێوان سەدا ٤،٢٥-٤،٥٠ کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی ١٥ ساڵدا. دوای ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەرنجەکان خراونەتە سەر ئەو بڕیارانەی کە ئەمڕۆ بانکە ناوەندییەکانی ئەورووپا و بەریتانیا رایدەگەیەنن.
بڕیار و راگەیەندراوەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیاد دەکات و کاریگەری خراپی لەسەر خواستی نەوت دەبێت.
هەروەها زیادبوونی یەدەگەکانی نەوتی خاو و بەنزینی ئەمریکا هێمایە بۆ کەمبوونەوەی خواست و ئەمەش فشاری زیاتر دەخاتە سەر نرخەکان.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا نزیکەی ١٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل، زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٢٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدا کە وا پێشبینی دەکرا سێ ملیۆن و ٩١٣ هەزار بەرمیل کەم بکات.
هەروەها یەدەگەکانی بەنزینیش لەو قۆناغەدا چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٢٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٨٢ دۆلار و ٢٦ سەنت بۆ ٨٢ دۆلار و ٣٥ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٢ دۆلار و چوار سەنت بۆ ٨١ دۆلار و ٩١ سەنت بمێنێتەوە.