28 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ بۆ کاتژمێر حەوتی ئێوارە دواخرا.
بڕیاربوو دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران کاتژمێری سێی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سازبکرێت.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە کە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، بۆ کاتژمێر حەوتی ئێوارە دواخستووە.
ئاماژە بەوەیشداوە کە گفتوگۆی فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ حکوومەت لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، بەردەوامە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١، بخاتە دەنگدانەوە.