هەولێر AA
ململانێ و ناکۆکی و بێنەوبەردەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان تاوێرێکی گەورەی لەبەردەم تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەدا داناوە کە ماوەیەکە خەڵکی عێراق ئومێدی بوژانەوەی داهات و زیادبوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیان لەسەر هەڵچنیوە، بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتنی کورد و لایەنە عەرەبییەکان لەسەر هەمان پرۆژەیاسا وەک دەرچەیەک سەیردەکرێت لەو تەنگژە ئابوورییەی ساڵانێکە دواکەوتن، پاشەکەوت، لێبڕینی مووچە و وەستانی پرۆژەکان گیرۆدەی کردوون.
سەرباری ئەم هەموو چاوەڕوانییەی خەڵک کەچی لەگەڵ هەر نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنێکی نوێ یەكێک لە لایەنەکانی رێککەوتنەکە خاڵێکی نوێ بۆ داواکارییەکانی زیاد دەکات و ریسەکە دەکاتەوە بە خوری.
ئەمە زیاتر لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا رەنگی داوەتەوە، سەرباری رێککەوتنێکی فەرمی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام شاندەکە ناچاربوو بۆ چەسپاندن و جێکردنەوەی ئەو رێککەوتنە لە پرۆژەیاسای بوودجەدا، لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانیش بکەوێتە گفتوگۆ تاوەکو ئەوانیش بەوە قایلبن کە حکوومەتی فیدراڵ بەڵێی بۆ کردووە.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دواجار لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش گەیشتە رێککەوتن لەسەر دەقێکی جێگرەوە کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتدا واژوو کرابوو، بەڵام ئەمیشیان لە نووسینەوەدا زۆری نەمابوو هەڵوەشێتەوە، چونکە دەستکاری هەندێک خاڵی نێو رێککەوتنەکە کرابوو کە پێچەوانەی ئەو خواستەبوو کورد لە بوودجەی عێراقدا هەیەتی.
- پشکی هەرێمی کوردستان و بوودجەی فیدراڵی
ئێوارەی ٢٧ی ئادار لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق دوا کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ کرد، بڕیاردرا ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بخرێتە دەنگدانەوە و لە پرۆژەوە بگۆڕدرێت بە یاسا و ئیدی کاری پێبکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە دانیشتنەکەی ئێوارەی دوێنێی لیژنەی داراییدا، لەسەر خواستی لایەنە شیعەکان جارێکی دیکە گۆڕانکارییەکی دیکە لە ماددەی ١١ کراوە کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا، بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکە شیعەکان مەرجیان داناوە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندنەبێت بە رێککەوتنەکەوە ئەوا حکوومەتی فیدراڵ نابێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ کوردستان بنێرێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستەشیان دەستەواژەی (مقاصە) لابراوە کە بە واتای لێدەرکردن یان لێبڕین دێت کە مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەبووە ئەگەر حکوومەتی هەرێم بەپێی رێککەوتنەکە بڕی پێویست نەوتی رادەست نەکرد ئەوا بە ئەندازەی ئەو کەمکردنە لە بوودجەی هەرێم دەبڕدرێت، بەڵام بە لابردنی ئەو دەستەواژەیە بۆ لەمەودوا ئەگەر بە هەمان ئەو بڕەی رێککەوتنی لەسەر کراوە هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی سۆمۆ نەکات، ئەوا حکوومەتی فیدراڵ پابەند نابێت بە ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە گەڕانەوە بەغدا بۆئەوەی تاوەکو دوا ساتەکانی تێپەڕاندنی بوودجە لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر خەتبن تاوەکو ئەو دەقە بچەسپێنن کە زیاتر لە چەند جارێک لە هەولێرەوە بۆی چوونە بەغدا.
- هەڵبژاردن و بوودجەی فیدراڵی
شیعەی عێراق کە زۆرینەی دەنگی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران پێکدەهێنن ئەگەر یەکگرتووبن هێزی یەکلاکەرەوەی زۆرینەی ئەو بابەتانەن کە دەچێتە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام لە بوودجەدا بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبوون و بەشێکیان لەگەڵین و بەشێکیشیان دژی تێپەڕاندین.
ململانێی ناوخۆیی لایەنە شیعەکان و دابەشبوونيان بەسەر دوو ئاراستەدا، بەربەستێکی دیکەی گەورەیە لە بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجەدا، ئەوەی ململانێکەی قوڵتر کردووەتەوە هەڵبژاردنە، ئاراستەی دژبە مستەفا کازمی نایانەوێت تاوەکو دوای هەڵبژرادن، عێراق ببێتە خاوەن یاسای بوودجە بە ئامانجی شکستپھێنانى پڕۆژەکانی مستەفا کازمی، چونکە پێیان وایە بوودجە دەبێتە دەرفەتێکی گەورە بۆ کازمی تاوەکو بە هەندێک پرۆژە خۆی باشتر بە خەڵک بناسێنێت و لە هەڵبژاردنیشدا بەرهەمەکەی بچنێتەوە.
- بەهای دینار، لەمپەرێکی دیکەی بەردەم بوودجە
دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە بڕیارێکی بانکی ناوەندی، هەرزوو دەنگی دژی لە لای هەندێک لایەنی عێراقییەوە بۆهات، ئێستا ئەم دەنگی نەخێرانە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەرزبوونەتەوە و لەمپەرێکی دیکەن بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە.
ئەوانەی دژبەم بڕیارەن سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت لە لیژنەی دارایی بەرلەوەی پرۆژەیاساکە بهێندرێتە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران چارەسەری دابەزاندنی بەهای دینار بکرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی ئەگەر نا ئامادەنین لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگ بە پرژەیاساکە بدەن و دەبنە لەمپەر و رێگر بۆ تێپەڕاندنی.
داواکاری ئەو لایەنانە لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستووری عێراق ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی لیژنەی دارایی و حکوومەت و خودی پەرلەمانیشدا نییە، چونکە بەپێی دەستوور بانکی ناوەندی دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و دیاریکردنی بەهای دیناریش تەنیا لە دەسەڵاتی ئەواندایە، بۆیە بەشێک لە چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق ئەم پێش مەرجەش وەک بانگەشی پێشوەختەی هەڵبژاردن سەیردەکەن و پێیان وایە کراوەتە چەکێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی شەقام.
- بەشیر حەداد: "پشکی هەرێم لەمپەر نییە لەبەردەم بوودجە"
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق، بەشیر حەداد ئێوارەی دوێنێ دوای کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری حکوومەتی فیدراڵیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "باسی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کرا کە وەکو خۆی بمێنێتەوە یاخود وەک جارانی لێبکرێتەوە، حکوومەتی عێراق بەرگریی لە بڕیاری خۆی دەکات، ئەمە بە هەنگاوێک بۆ بەرژەوەندی وڵات و ئابووری وڵات دادەنێت و لێی پەشیمان نابێتەوە، زۆربەی ئەندامانی لیژنەی داراییش پاڵپشتیی ئەوە دەکەن، خاڵێکی دیکە باسی قەرزەکان کرا، داوایەکی زۆر لەلایەن پەرلەمانتاران هەیە کە نابێت بوودجەی ئەمساڵ قەرزی تازەی تێدا بێت، چونکە بارودۆخی عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت".
بەشیر حەداد دەربارەی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانیش لە بوودجەدا گوتی: "رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتنێکی یاساییە و دەستکاریی دەقی رێککەوتنیش رەتدەکەینەوە، هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە دەقی رێککەوتن لەسەرکراو، پشکی هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە تێنەپەڕاندنی بوودجە، بەڵام بەشێک لە لەلایەنەکان لە رێگەی راگەیاندنەوە ئەوەیان وروژاندووە، داوامانکرد ئەو کێشانەی هەن تەواوبکرێن و لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک بۆ ئەوەی دووبارە کۆتایی بەوە بێت و چیدیکە دوانەخرێت، چونکە هەیبەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتە ژێر پرسیارەوە و کاریگەریی لەسەر دۆخی بازاڕ و خەڵکیش دەبێت".
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بۆ ئامادەکردن و تەواوکردنی پرۆژەیاسای بوودجە، ٤٥ کۆبوونەوەیان کرد و زیاتر لە ٣٢٠ میوانداریی خەڵکی پسپۆر و بەرپرسانی حکوومەتیان کرد و لە رۆژی ١٤ی شوباتەوە پرۆژەیاساکەیان تەواوکردووە و ئامادەیە بۆئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە، چەند جارێک بڕیار درا لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگدانی لەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێو لایەنەکان دواخرا، ئێستا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٨ی ئادار، ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە کۆبێتەوە، بەڵام تا ئێستا وادە و کاتەکەی دیاریی نەکراوە، چونکە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێو شیعەکان هێشتا دیار نییە کۆبوونەکە دەکرێت یان دووبارە دوادەخرێت، چونکە تا ئێستا هەڵوێستی هەندێک لە لایەنە شیعەکان بەتایبەت دەوڵەتی یاسا و فەتح ئەوەیە کە ئامادەنین بەشداری دانیشتنەکە بکەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، داواکاری سەرەکیشیان گۆڕینی بەهای دینارە بەو جۆرەی پێشتر هەبوو.
news_share_descriptionsubscription_contact
