Rawan Subhi Obaidullah
26 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2022
دھۆک - AA
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، خەیری عەلی ئۆسو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ی ھاتنی گەشتیارانی بۆ ئەو پارێزگایە ئاشکرا کرد و گوتی: "لەمساڵدا دوو ملیۆن و ٣٤٠ ھەزار گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بۆ گەشتکردن روویان لە شوێنە گەشتیارەکانی پارێزگای دھۆک کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو ھاتنی گەشتیاران زۆر زیادی کرووە، چونکە پار ساڵ یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتبوونە پارێزگای دھۆک و بەمەش رێژەی ھاتنی گەشتیاران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە لەسەدا ٥٦ زیادی کردووە، ئەگەر مۆندیالی قەتەر نەبووایە رێژەی ھاتنی گەشتیاران زۆر زیاتر دەبوو، بۆیە موندیال و جامی کەنداویش لە بەسرە کاریگەری لەسەر ھاتنی گەشتیاران دەبێت و بۆ شەوی سەری ساڵیش لە پارکی نەورۆز لە سەنتەری شاری دھۆک ئاھەنگێکی جەماوەریی ئەنجام دەدەین و پێشبیی دەکەین ٢٥ ھەزار گەشتیار بۆ جەژنەکانی سەڕی ساڵ سەردانی پارێزگای دھۆک بکەن".
لە سنووری پارێزگای دھۆکدا زیاتر لە ٩٠٠ ناوچەی گەشتیاری ھەیە، ھەروەھا لەگەڵ زیاتر لە ٢٥٠ شوێنی گەشتیاریی سروشتیی.
خەیری عەلی ئۆسو باسی لەوەش کرد کە بە ھەموو شێوەیەک دەیانەوێت کەرتی گەشتوگوزار لە ھەموو روویەکەوە پێش بخەن، بۆیە چەندین پلانی زانستییان داناوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داھاتوودا، سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاریی لە شاری دھۆک دەکەنەوە کە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا بەشداریی پێشانگاکە دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، خەیری عەلی ئۆسو گوتی: "کێشەی خانووەکانی ناوچەی گەشتیاریی 'سکە' لە سنووری قەزای ئامێدی چارەسەربووە و دەکرێت بە شوێنێکی گەشتیاری و لە چیای زاواش لە رۆژئاوای دھۆک دەست بە قوناغی دووەمی دەکرێت و دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاریی".
گوتیشی: "بەردەوام ئێمە داکۆکی لەوە دەکەین کە پێویسە لە خاڵەکانی پشکنینی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران بکرێت و بەردەوام ئێمە بەداواداچوون بۆ ئەم کێشەیە دەکەین، چونکە دەمانەوێت ساڵ بۆ ساڵ رێژەی ھاتنی گەشتیارن بۆ ھەرێم زیاد بکەین".
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٥٧ پرۆژە لە سێکتەری گەشتوگوزار بە بەھای ٣٩ ملیار دینار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستاندا جێبەجێکراون کە نۆ پرۆژەیان لە شاری دھۆک بوون.
لە پارێزگای دھۆک ١١٦ ھوتێل و موتێل بۆ حەواندنەوەی گەشتیاران ھەیە و توانای ئەوەیان ھەیە لە یەک شەودا، پێشوازی لە زیاتر لە ١٥ ھەزار گەشتیار بکات.