Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
بۆ یەکەمجار لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بۆڕسەی هەولێر بەرامبەر بە ١٥٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بوو و بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشان لە بیست ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجارە بەهای دۆلار بەم شێوەیە بەرز دەبێتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی بازاڕی هەولێر، غازی عەلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمجارە بەهای ١٠٠ دۆلار بگاتە ئاستی ١٥٧ هەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی و ئەمەش دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییانەوە دروستکردووە".
غازی عەلی گوتیشی: "هۆکارەکەی بانکی ناوەندییە و هیوادارین بە دۆخەکەدا بچنەوە و ئەگەر چارسەر نەکرێت ئەوا دۆخەکە لەدەست دەردەچێت و هیچ کەس سوودمەند نییە لەم دۆخە چونکە ئاڵوگۆڕی بازرگانمان هەموو بە دۆلارە. زیاتر خەڵک خواستی لەسەر کڕین هەیە و پێشبینی دەکەین بەهای دۆلار بگەڕێتەوە دۆخی پێشتر، داواکاریشم لە حکوومەتی هەرێم ئاگاداری دۆخەکە بێت و لەدەست دەرنەچێت، چونکە بە پێچەوانەوە هاووڵاتیی دەبێتە قوربانی".
بانکی ناوەندیی عێراق لە ٢٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بڕیاری دا بەھای ھەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١١٨ ھەزار دیناری عێراقییەوە بەرزبکاتەوە بۆ ١٤٦ ھەزار دینار ئەو بڕیارەش ھەرچەندە بووە ھۆی زیادبوونی داھاتی ناوخۆ، بەڵام لە ھەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا بەرزکردەوە.
لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبووە و شارەزایانی بواری ئابووریش ھۆکارەکەیان بۆ کەمی خستنەڕووی دۆلار گەڕاندەوە کە پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیەی سەدا ٥٠ کەمکردووەتەوە و ئەمەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.