Dilşad Seyfeddin Ahmet
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2016
لە رێوڕەسمێكدا كە پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی حكوومی و بازرگان و وەبەرهێنەران ئامادەی بوون، لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت ( 25 كلم باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) پڕۆژەی كۆمەڵگای پیشەسازیی (IRALEX) كرایەوە، كە سێ كارگە لەخۆدەگرێت و بریتیە لە كارگەی دروستكردنی سەندویچ پانەڵ و ئەلەمنیۆم پرۆفایل و رەنگكردنی پرۆفایلی ئەلەمنیۆم.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، وەرزێر سەروەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند " پڕۆژەی (IRALEX) بریتیە لە كۆمەڵگایەكی پیشەسازیی گەورە و مۆدێرن كە بە بڕی زیاتر لە (75) ملیۆن دۆلار، لەسەر رووبەری (137) دۆنم زەوی، لە شاری پیشەسازیی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دامەزراوە کە پێكدێت لە پرۆژەی كۆمەڵگای پیشەسازیی ئیرالیكس بەتوانای مرۆیی خۆماڵی و لەلایەن كۆمپانیای (زەریا) دروستكراوە".
گوتی: "پڕۆژەكە سێ كارگە لەخۆدەگرێت و بریتیە لە كارگەی دروستكردنی سەندویچ پانەڵ و ئەلەمنیۆم پرۆفایل و رەنگكردنی پرۆفایلی ئەلەمنیۆم. لە ئێستادا كارگەی سەندویچ پانەڵ لە هێڵێكی كاركردندا كە سێ هەزار مەتر چوارگۆشە لە رۆژێكدا بۆ یەك شەفتی كاركردن بەرهەم دەهێنێت، بەشی دووەم كە ئەلەمنیۆم پرۆفایلە لە مانگێكدا 300 تۆن بەرهەم دەهێنێت، بەشی سێیەم رەنگكردنە و لەسەر خواستی كڕیاران دەتوانرێت ئەو ئەلەمنیۆمانەی دەیانەوێت بۆیان رەنگ بكرێت".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی هەرسێ كارگەكە لە ماوەیەكی نزیكدا هێڵی دووەمی كاركردنیان دەكەوێتە كار و بەرهەمەكان بۆ دوو هێندە زیاد دەكات.
پرۆژەی كۆمەڵگای (IRALEX) لەلایەن كۆمپانیاكانی فاروق گرووپ دروستكراوە و راستەوخۆ دەرفەتی كاركردنی بۆ زیاتر لە (150) كەس رەخساندوە، جگە لەو سەدان كەسانەی كە لە بازاڕەكاندا بە ناڕاستەوخۆ سوودمەند دەبن.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەبەرهێنانی، سلێمانی فەرمان غەریب بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە 30 لەسەدی كۆی پڕۆژە پیشەسازییەكانی هەموو عێراق دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، هۆكاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كەرەستەی خاو و سەرەتایی لەم شارەدا".
غەریب باسی لە گرنگی كردنەوەی ئەو پڕۆژەكە كرد و ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر بۆ دەستخستنی ئەو كەرەستانە روویان لە وڵاتانی دەرەوە دەكرد، بەڵام بۆ لەمەودوا بەرهەمەكان لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و ژمارەیەكی زۆری هەلی كاركردنی رەخساندووە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانی لە بارەی كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر كەرتی وەبەرهێنان دوا و گوتی: "ئەو قەیرانە كاریگەری راستەوخۆ و زۆر خراپی كردووەتە سەر پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك تەنها لە پارێزگای سلێمانی و لەماوەی ئەمساڵدا تەنها دوو پڕۆژەی وەبەرهێنان واژۆكراوە كە ئەوەیش بەڵگەی پاشەكشەی گەورەی وەبەرهێنانە لە شارەكەدا، لە كاتێكدا تەنها لە ساڵی 2013دا 41 مۆڵەت و 2014 دا 36 مۆڵەتمان هەبووە".