سلێمانی
لە دوای هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بۆ سەر چەند شارێكی عێراق، دۆخی ئەو شۆفێرە كوردانەی لە هێڵی بەغدا کار دەكەن كەوتووەتە مەترسییەوە و رووبەڕووی هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارەكان دەبنەوە.
لێپرسراوی هێڵی شۆفێرانی تەكسی سلێمانی ـ بەغدا فەرهاد دەروێش كە 291 شۆفێر لە هێڵەكەیدا كار دەكەن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گرتنی شاری موسڵ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە سەرەتایەكی كارەساتاوی بوو بۆ شۆفێرانی كورد كە لە هێڵی بەغدا كار دەكەن، تەنیا دو رۆژ دوای گرتنی ئەو شارە شۆفێرێكی هێڵەكەمان لە ناوچەی شەعبی بەغدا لە لایەن گروپێك چەكدارەوە گیرا و دوای شەش رۆژ تەرمەكەی لە پزیشكی دادوەریی بەغدا دۆزرایەوە."
بەپێی پشكنینە پزیشكییەكان، ئەو شۆفێرە دوای سەعاتێک لە گرتنی كوژراوە و تەرمەكەی فڕێ دراوە.
شەوی شەممەی رابردوو نزیكەی 12 چەكداری نەناسراو هەڵیانكوتاوەتە سەر هۆتێلێكی تایبەتی شۆفێرە كوردەكان لە ناوچەی بەتاوینی بەغدا و دوو شۆفێریان رفاندووە، دوای سێ رۆژ لە ئازار و ئەشكەنجەدان، شۆفێرێكیان بە برینداری لە ناو بەغدا فڕێدا، ئەوی دیکەیان چارەنووسی نادیارە.
لێپرسراوی هێڵی شۆفێرانی تەكسی سلێمانی ـ بەغدا ئاماژەی بەوە كرد کە "چەكدارەكان سەر بە سوپای عێراقی و گروپە شیعەكانن و وەك كورد تاوانباریان دەكەن بە خیانەتكاریی و هاوكاریكردنی چەكدارانی داعش، لە بازگەكانیشدا رێگری و هەڕەشەیان لێدەكەن."
بەهۆی بەردەوامی مەترسییەكان و كوشتن و رفاندنی شۆفێرە كوردەكانی دانیشتووی سلێمانییەوە لە بەغدا، لە كۆی 148 شۆفێری تەكسی كورد لە هێڵی سلێمانی ـ بەغدا، تەنیا پێنج كەسیان ماونەتەوە و ناو بەناو نەفەر دەگوازنەوە بەغدا.
كێشەیەكی دیکەی شۆفێرەكان گیرانی رێگەی سەرەكی كەركوك ـ بەغدایە، ئەوەش ئەوانی ناچار كردووە رێگەیەكی سەختتر و درێژتر (خانەقین ـ مەندەلی) بگرنەبەر و بە نۆ سەعات ئەو رێگەیە ببڕن، هەروەها كرێی یەك نەفەر لە 30 هەزار دینارەوە بۆ 75 تا 100 هەزار دینار بەرز بكەنەوە.
شۆفێرەكان بۆ چارەسەركردنی دۆخەكەیان پەیوەندییان بە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق و لایەنە بەرپرسەكانەوە كردووە و چاوەڕوانی چارەسەرێك دەكەن.
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق عادل نوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای سەرهەڵدانی ئەو دۆخە نوێیەی عێراقەوە، ژیانی چین و توێژە جیاكانی كورد لە بەغدا بە خوێندکار و شۆفێر و هاوڵاتی و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانیشەوە كەوتە بەر مەترسی كوشتن و رفاندن و هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارەكان."
مەترسی ڕێگەوبان و گروپە چەكدارەكان هێڵی ئاسمانیی نێوان بەغدا و سلێمانی گەرم كردووە و رۆژانە سێ تا چوار گەشتی ئاسمانیی لە نێوان هەردوو شارەكەدا ئەنجام دەدرێ.