ھەولێر
گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان نادر رۆستی لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پلانەکانیان بۆ مانگی رەمەزان گوتی: "ھەرچەندە ئێمە لە مانگی رەمەزان پلانی تایبەتمان نییە بەڵام لە مانگی رەمەزاندا شوێنە گەشتیارییەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە بە نۆرمال وەک ساڵانی دیکە کار دەکەن. شوێنە گشتییەکانیش پارێزگا بڕیاریان لەسەر دەدات".
لەبارەی کاریگەریی مانگی رەمەزان لە سەر ئاستی گەشتوگوزار گوتی: "ھەر چەندە ھەر لە ساڵی رابردوو لەگەڵ ھاتەوەی داعش گەشتیار زۆر کەم بووەتەوە، مانگی رەمەزانیش کاریگەری تایبەتی خۆی ھەیە لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی گەشتوگوزار و بە تایبەتی لە وڵاتانی موسڵمان بە جۆرێک گەشتیار ناتوانێت بە ئاسوودەیی گەشت بکات و خواردن بدوزێتەوە ئەویش بە ھۆی ئەوەیە کە رێگە پێدراو نییە و سنووردار دەکرێن، ئەمەش جۆلەی گەشتیاری کەم دەکاتەوە".
گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان لەبارەی داخستنی دۆکانەکانی مەی و کحول لە مانگی رەمەزان گوتی: "لە وڵاتانی موسڵمان دەبێ رەچاوی بیر و باوەری ئایینی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە بکرێت و بڕیارەکان دەبێ بە جۆرێک بێ کە ئازادی تاکێک ئازادی کەسێکی دیکە تێک نەدات و ھەموو رێنماییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بێت نەک شێواندن".
ھەروەھا باس لە کاریگەریی ئاوارەکان لەسەر گەشتیار کرد و گوتی: "زۆری ئاوارەکان کاریگەریی زۆر نێگاتیڤ دەخاتە سەر گەشتیار چوونکە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان بە ناچاری ئاوارە تێدا نیشتەجێ دەبن ھەر لە ھۆتێل و مۆتێل تا پارکەکان. ئەوەش ھەموو وا دەکات کە گەشتیار کەم بکرێتەوە".
لە سالانی رابردوودا لە خوارو و ناوەڕاستی عێراق بە پلەی یەکەم زیاتر لە 60% گەشتیارەکان دەھاتنە ھەرێم لە نێو شارەکانی ھەرێم پڵەی دووەم و دواتر بیانییەکان بوون کە لەنێو بیانییەکانیش ئێران و تورکیا یەکەم و دووەم بوون.