ستۆکھۆڵم
حكوومەتی سوید ھەموو ئەو زبڵ و پاشماوانەی لە ماڵەكاندا كۆ دەكرێتەوە بۆ دابین كردنی كارەبا، ئاوی گەرم و سیستەمی گەرمكردن بەكار دەھێنێت.
لە كاتێكدا كە لە سەرانسەری جیهان ھەوڵ بۆ زیاتر كردنی بەكارھێنانی سەرچاوەی نوێكراوی وزە دەدرێت، سوید كە وڵاتێكی ئەسكەندیناڤیایە لەم ساڵانەی دوایی لەو چوارچێوەیەدا ھەنگاوی زۆر گرنگ و خێرای ناوە و سوید ھەوڵ بۆ بەكارھێنانی زبڵ و پاشماوەكانی نێو ماڵان بۆ دابین كردنی كارەبا دەدات و بەو جۆرە ھەموو ئەو زبڵ و پاشماوانە بكار دەھێنێت و ھەر بۆ ئەو مەبەستەیش حكوومەتی سوید دەستی بە ھاوردە كردنی زبڵ لە وڵاتانی دیكە كردووە و لە بەرنامەی حكوومەتی سوید دایە كە تا ساڵی ٢٠٣٠ بە یەكجاری واز لە بەكارھێنانی سەرچاوەكانی وزەی فوسیلی بھێنێت.
سوید بە چەندین شێوازی نوێ ئەو زبڵ و پاشماوانە بۆ دابین كردنی بیۆگاز و سیستەمی گەرم كردنەوە و دابین كردنی كارەبا بەكار دەھێنێت و یەك لەو شارانەی كە ئەم جۆرە كارەی بە باشترین شێوە تێیادا ئەنجام دەدرێت شاری لینكۆپینگ لە باشووری ئەو وڵاتەیە. شاری لینكۆپینگ یەكەم شاری سوید دەبێت كە بە ١١٠ ھەزار دانیشتووی خۆیەوە كۆتایی بە بەكار ھێنانی سەرچاوەی وزەی فوسیلی وەكو نەوت و غازی سروشتی دەھێنێت.
لەو بارەوە بەرپرسی ژینگە و وزەی شارەوانی ئەو شارە محەرەم دەمیرۆك كە بە رەسەن توركە بە ئانادۆڵو گوتی: "شارەوانی ئەم شارە بەشێوەی ھاوپەیمانی بەڕێوەدەبرێت و من ساڵی ٢٠١٤ بۆ دووەمین جار ھەڵبژێردراوم و بۆ دابین كردنی وزە لە زبڵ و پاشماوەكان سەدا ٩٩ی ئەو زبڵ و پاشماوانەی كە لە ماڵەكاندا كۆ دەكرێتەوە بۆ دابین كردنی كارەبا و سەدا یەكی دیكەیشی بۆ سیستەمی گەرم كەرەوە بەكار دەھێنین.
دەمیرۆك گوتی: "سەدا ٦٥ وزەی ساڵی رابردووی سوید لە با و ئاو و ئەو جۆرە زبڵ و پاشماوانەدا بەرھەم ھێنراوە و سیاسەتی وڵاتی بێ نەوت لە لایەن حكوومەتەكانی سویدەوە جێبەجێ دەكرێت و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا چاوەڕوان دەكەین كە تا ساڵی ٢٠٣٠ بە یەكجاری كۆتایی بەبەكار ھێنانی نەوت و غاز وەكو سەرچاوەی وزە بھێنین.
دەمیرۆك گوتی: یەكەمجار بە نیازین كە لە شاری لینكۆپینگ كۆتایی بەبەكار ھێنانی وزەی فوسیلی بھێنین و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە ساڵی ٢٠٢٥ بە یەكجاری كۆتایی بە بەكار ھێنانی ئەو جۆرە وزانە بھێنین.