لە كەمپی چیای شنگال چیرۆكی تاڵ زۆرن بۆ گێڕانەوە، لەسەرووی هەموویانەوە ئەو كچ و ژنانەی كە هێشتا لە دەستی داعش ماون، لە پاڵ ئەوانەی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندان و ئەوانەیشی بێ سەروشوێنن.
بەچەند كیلۆمەترێكی كەم دووریی لە شاری شنگال كە پێشتر شوێنی زۆرترین گردبوونەوەی رۆڵەی ئێزدییەكانی جیهان بوو سەدان خێزان لەسەر چیایەك لەبارودۆخێكی ئاڵۆزدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەوان بەهۆی بەرزی چیاكەوە چاوییان شنگال نابینێت، بەڵام دڵیان هەر لەوێیە و بۆی لێ دەدات، هێشتا بارودۆخەكەش هێندە دڵنیای نەكردوونەتەوە تا بگەڕێنەوە شارەكەیان و كەمێك لەو شەكەتییە بحەسێنەوە كە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" تووشی كردن و لەژێر سێبەری دەقەكانییان خوێن و ماڵی حەڵاڵكردن و چەقۆی بۆ تیژكردن.
لێرە خەڵكانێكی دڵ فراوان، قسەخۆش، بێدەنگ، كەسانێكی میوان دۆست هەن ئەوانیش ئێزدییەكانن كە لەگەڵ كەوتنە گفتوگۆ لەگەڵیاندا یەكسەر فەرمووی ژێر ئەو خێوەتانەت لێ دەكەن كە هەریەكەیان رەنگێكە و هیچ بنەمایەكی حەوانەی تێدا بەدی ناكرێت، لەم چیایە ئەوان نە لە كارەبا و لە نە ئاو و دەرامەت دەوڵەمەند نین، بەڵام دڵی ئەمان لەگەڵ نەهامەتییەكانی ژیانییان زۆر دەوڵەمەندە.
بەرەكات موراد، پیاوێكە لە چلەكانی تەمەنیدایە، ئەو لەناو ئەم چیایە خۆی و خێزانەكەی گیرساونەتەوە كە بەرپرسە لە بەشێكی كەمپەكە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە دەكرد كە ژیانی خەڵك لەم كەمپە بەتایبەت لەگەڵ هاوین و پلەكانی گەرمادا زەحمەتتر بووە وەكو چۆن لە زستانیشدا نەهامەتیی زۆریان بینیوە، بەرەكات موراد گوتی: "ژیانی خەڵك زۆر زەحمەتە، لەبارەی ئاو و كارەبا و نەبوونی دەرامەتی ژیان ئێرە زۆرناخۆشە، خەڵكی ئێزدی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەڵام هێشتا لەبارە نییە بۆ ژیان، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە یارمەتی زیاتری ئەم كەمپە بدرێت لە دابینكردنی كارەبا و ئاو و كار بۆ گەنجان". ئەو باسی لەوەیش دەكرد كە نەخۆشخانەیەكی گەورەیان پێویستە، سەرباری ئەوەی باسی لە هەوڵەكانی چەند رێكخراوێكی خێرخوازی دەكرد، بەڵام دەیگوت پێویستی زیاتر هەیە.
پاش هێرشەكانی چەكدارانی خەلافەتەكەی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" بۆسەر مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و كۆنتڕۆڵكردنی لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 و پاشان كشان بەرەو شوێنەكانی ئەو پارێزگایە لە سێی ئابی هەمان ساڵدا دەستیان بەسەر قەزای شنگالدا گرت و ئیدی ئەو رۆژە بۆ ئەمان كە بە"فەرمان"ی ناویدەبەن وەكو ئاماژەیەك بۆ قڕكردن یان جینۆسایدكردنی كۆتایی لەسەر دەستی داعش قیامەتێك بوو مەرگ و بێ سەروشوێن كردن و رفاندنی هەزاران ئازیزی پێ نیشاندان، هەموو ئەوانەیشی بەسەریان هات تەنها و تەنها لەبەر ئێزدی بوونیان بوو كە چەكدارانی داعش بەتەنها بە خوێنی ئەمان تینوێتییان نەشكا، بگرە هەر پشت ئەستوور بە فەتوا و قسەی بەشێك لە كتێبەكان كچان و ژنانیشیان بۆ خۆ پێ بە رەوا بینی و لەژێر ناوی "سەبی"كردن هەزاران كچ و ژنانییان برد و ئێستاشی لەگەڵدابێت چارەنووسیان دیار نییە.
لە كەمپەكەی دامێنی چیای شنگال ئایینێكی ئاوارە هەیە، لەناو بەرد و تەلانی چیاكە شارێكی بچووك و سەدان خێوەتی سپی هەن، لێرە و لەوێ لەچەند شوێنێكی سەر جادە سەرەكییەكەی كەمپەكە دەكات بە دوو بەشەوە ژمارەیەك دووكانی لێیە ئەوەی سەرنجی راكێشاین بوونی چەندین دووكانی ژێر خێوە بووت كە تایبەت بوون بە یاری بلیاردۆ، گەنجێك پێیگوتووین زۆری بێكاری و نەبوونی هیچ ئیشوكارێك زۆرینەی گەنجانی ئەم كەمپەی ناچار بەپەنابردنە بەر یاریكردنی بلیاردۆ كردووە.
قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت رێژەی ئەو ئێزدییانەی بەهۆی رەفتارەكانی داعشەوە لەناوچەكانی خۆیان ئاوارەبوون لە پارێزگای نەینەوا 25 لەسەدی سەرجەم ئاوارەكانی عێراق پێكدەهێنێت وەكو ئەو دەڵێت بە پشت بەستن بە ئامار و ژمارەكانی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق"یۆنامی".
سەبارەت بە كردنە ئامانجی ئێزدییەكانیش كە پێكهاتەی زەرەرمەندی یەكەمن بەو رێژە و رادە قورس و زۆرە زیانییان لە سەلەفییەتی جیهادی داعش پێگەیشتبێت ناوبراو روونی دەكاتەوە "چەكدارانی داعش لەگەڵ هەموو عێراقییەكان توندبوون لەوانەی ئاشتیخواز و مرۆڤ خوازبوون، ئەوانەی لەگەڵ بیر و پەیڕەوی ئەوان نەبوون و دژیان وەستانەوە، بەڵام لەگەڵ ئێزدییەكان سێجار توند بوون بەهۆی ئایینی ئەوان و نەتەوەی ئەوان و مرۆڤایەتی ئەوان، داعش دژی مرۆڤایەتیی ئەوان بوو، چونكە ئێزدییەكان زۆر هاوكاریی خەڵكی دیكەیان كرد و باوەشیان بۆ كردنەوە بەتایبەت لە باوەشكردنەوە بۆ خەڵكی تەلەعفەر، دواتر داعش لە دژی كورد توندوترین رەفتاری هەبوو كە دیسانەوە ئێزدییەكان زەرەریان پێگەیشت، هەروەها لەبەر ئایینەكەی كە كۆنترین ئایینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. داعش ویستی قڕمان بكات و لەناومان ببات و ئەوە فەرمانی كۆتایی بوو كە ویستی گەلێك جینۆساید بكات و لەناوی ببات، بەڵام ئیرادەی خوا نەیهێشت ئەوە بۆ داعش بەدی بێت".
مەحما خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە ژمارەی ئاوارەكانی ئێزدیی كرد و گوتی: "لەگەڵ هاتنی داعش و هێرشەكانی بۆ سەر پارێزگای نەینەوا هەموو ئێزدییەكان ئاوارە بوون". ئەو دەشڵێت "ئێزدییەكان 100 لەسەد هەموویان ئاوارەی ناوچەكانی دیكە بوون، واتە نزیكەی 615 هەزار ئێزدی ئاوارەن، بەشی هەرە زۆریان لە هەرێمی كوردستان دەژیین، هەروەها بەشێكیان لەسەر چیای شنگال ماونەتەوە كە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و رزگاركردنی چەند ناوچەیەكی نزیك لە شنگال و هەروەها بوونی هێزی دیكە لە شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان".
دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" لە دوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە 10ی حوزەیران هێرشێكی توندی بۆ سەر ئێزدییەكان لە مانگی ئابی 2014 كرد و پێنج هەزار و 877 ئێزدی كەوتنە دەستی داعش كە بەدرێژایی ماوەی دوای ئەو بەروارە بەشێكیان لێ ئازادكران و ئێستا سێ هەزار و 700 ئێزدی كە زۆرینەیان ژن و كچ ومنداڵن لەدەستی چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە ماون. هەروەها چەكدارانی داعش هەزاران ئێزدیی دیكەیان كوشت كە تا ئێستا بەتەنها لە سنووری شەنگال 25 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە هەزار و هەزار و 624 كەسیان تێدایە، قایمقامی شنگال باسی لەوە دەكرد ئەگەر ناوچەكانی دیكەی ئێزدینشین رزگاربكرێن ئەو ژمارەیە بۆ 42 گۆڕی بە كۆمەڵ بەرز دەبێتەوە.
شنگال یەكێكە لە قەزاكانی سەربە پارێزگای نەینەوا و ناوچەیەكی جێ ناكۆكە لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند، زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانەكەی كوردی ئێزدی بوون پێش هاتنی داعش، بەڵام ئێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بووەتە وێرانەیە.
لەسەر چیای شنگال ئەوەی نەهامەتی بێت هەیە، لێرە سەرباری هەموو كەموكوڕییەكان ژمارەیەكی زۆر ئێزدی هەن كە كچ و ژن ومنداڵییان هێشتا بەدەستی چەكدارانی داعشەوەیە و بەدیار هەڵاتنی رۆژێكەوەن بەكەسوكارییان شاد ببنەوە، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، بەرزی پلەكانی گەرما، لەپاڵ كەسوكاری دیلیان لەدەستی داعش ئەوانی تەواو شەكەت كردووە، ئیدی دەموچاوی هەر ئێزدییەك لەدامێنی ئەم چیایە چیرۆكێكی تاڵی هەیە، ژیانی ئەمان لەم چیایە سەرباری بەهێزی ئەوان ئەوە دەسەلمێنێت چیاش وەكو دروستكراوێكی خوا بۆ ئەمان پیرۆزیی هەیە و هاوشێوەی قیبلەكەیان "پەرستگەی لالش" ئەمانیش لەسەرچیاكاندا، لالش چۆن هەزاران ساڵە دەپارێزرێت، ئەوانیش پێیان وایە لەم چیایە پارێزراو دەبن، چونكە لەدوای سێی ئابی 2014 ئەم چیایە هەزاران ئێزدیی لە دەستی داعش پاراست.
جێگری بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ناسر رەشۆ ئیسماعیل لە كەمپی چیای شنگال لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كەمپەكەیان دوای سێی ئابی 2014 دروستكراوە و كەمپەكە لە 15 كەرت پێكدێت و ئەوانەی لەوێ دەژیین نزیكەی 2 هەزار و 200 خێزانن كە 12 هەزار كەس دەبن".
سەبارەت بە خزمەتەكانییان بۆ ئەو كەمپە گوتی: "ئێمە وەكو دەزگای خێرخوازی بارزانی قوتابخانەیەك و نەخۆشخانەیەك و دوو بیری ئاو و تانكییەكی ئاوی دروست كردوون، هەروەها مانگانە خۆراكی رێكخراوی خۆراكی جیهانی"WFP" دابەش دەكات كە 190 تۆن خۆراك دەبێت، هەروەها 11 هەزار بەتانییمان بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كردووە، هەروەها حەوت هەزار و 500 كارتۆن خۆراكی دابەش كردووە، بۆ هەر خێزانێك 50 كیلۆ ئاردمان دابەش كردووە، سێجار جلوبەرگمان پێداون، هەروەها خولی وەكو دوورمانمان كردووەتەوە، لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاریی دیكە".
گوتیشی"ئێرە كەمپێكی گەورەیە، ئێمە هێشتا موەلیدەی كارەبامان دانەناوە، بەڵام كێشەی ئاو نزیكە لەوەی نەمێنێت".
هەرچۆنێك بێت چیای شنگال ئێستا بۆ ئێزدییەكان چیرۆكی جۆراوجۆری رۆژانی دوو ساڵ لەمەوبەر دەگێڕێتەوە بۆ ئەوان چیاكە برای پشت بوو بەتایبەت لە رۆژانێك كە داعش لەئان و ساتی گەیشتن بوو بەمان و لەو پێناوەشدا چیاكە تەرمی چەندین ئێزدی لەخۆ گرتووە كە بەهۆی برسێتی و تینوێتییەوە مردن، ئێستاش زیندووەكان چاویان لە قۆناغی دوای داعشە تا بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانی خۆیان.
news_share_descriptionsubscription_contact

