دوای هەشت مانگ لە رزگاركردنی لەداعش، هێشتا شنگال بۆنی شەڕ، وێرانەیی لێ دەچۆڕێت، لێرە دیمەنی باڵەخانەی رووخاو، بۆردومانی فڕۆكەكان، شوێنەواری ئاڵای رەشی داعش بۆ هەر كۆییەك گوزەر بكەیت رووبەڕووت دەبنەوە، لێرە تەنها یەك لەسەدی خەڵكەكەشی نەگەڕاونەتەوە پاش هێرشەكانی سێی ئابی 2014ی داعش، لەم شارە داعش كوشتارێكی گەورەی بۆ ئێزدییەكان دروست كرد كە هێشتا هێندە خامۆشە بۆنی خوێنی لێ دێت.
چۆڵی شنگال و رووخانی باڵەخانە و خانووەكان دیمەنی دیارن كە هێشتا ئومێدی ئێزدییەكانیش بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لێرە نزیك نییە.
گوزەركردن بەناو كۆڵانەكانی گەورەترین شوێنی گردبوونەوەی ئێزدییەكانی جیهان بوو، بەڵام پاش هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" بۆسەر ئەم قەزایە و وێرانكردنی لە سێی ئابی 2014 ئێستا جگە لە وێرانەیی و پاشماوەی شەڕ هیچی تر دڵخۆشیت پێ نابەخشێت لەم شارە.
لێرە لەناو پاشماوەی باڵەخانە و خانوو و بازاڕەكانی شار بێدەنگییەكی ئەوتۆ باڵی بەسەر كێشاوە جیڕەی دەرگا و گڤەی ئەو بایەشی لەوێوە دێت هێشتا بۆنی شەڕ و دەنگی شەڕ دەهێنن، ئاڵا رەشەكان هەموو كۆڵان و خانووەكانییان لە جبەخانە و پاشماوەكانییان تەنیوە، تونێلەكانی ئەوان، فیشەكەكانی ئەوان ئەو دیمەنە دەبەخشێت كە ئەم شارە بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش سێی ئابەكەی، شنگال كە رۆژانێك بۆنی ژیانی هەبوو ئێستا لە بۆنی مەرگ بەولاوە هیچی لێ ناچۆڕێت، لێرە ئاو و كارەبا نییە، خزمەتگوزارییەكان هێندە كەمن ئەو قەزا گەورەیەی لە گوندێكیش بچووكتركردووەتەوە.
لێرە لە شنگال بەهەر شەقامێكدا بە هەر كوێیەكدا بڕۆیت شوێنەواری داعش هەن، شوێنەواری وێرانەیی، دەرگای كراوە، منارەی رووخاو، ماڵی تەقێنراوە، خانووی بۆردومانكراو، هەموویان چیرۆكی رۆژانێك دەگێڕنەوە داعش زۆر بێرەحمانە ئەوەی كردوویەتی درێغی لێ نەكردووە، شنگال نزیك بە پێنج كاتژمێر لە قیبلەی ئێزدییەكانەوە"پەرستگەی لالش" بە ئۆتۆمبیل دوورە، رۆژانێك بوو ئێرە بە تەهلیلە و دەنگی ئێزدییەكان و قەرەباڵغی شار و هاتوچوونی منداڵانی تەواو پڕ دەنگ بوو، بەڵام ئێستا خامۆشییەكی زۆر شاری ترسناك كردووە، ئیدی ئێرە شارێك نییە بۆ ژیان.
یەكێك لەو كەسە كەمانەی لەناو شنگال دەبینران گەنجێك بوو لە سییەكانی تەمەنی بوو، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كە سەیری باڵەخانە و شەقامەكانی دەكرد خەمێكی زۆر دایدەگرت و دەیگوت "رۆژانێك بوو لێرە كورد و عەرەب، ئێزدی و مسوڵمان، شیعە و سوننە، سابیئی، هەموومان پێكەوە دەژییان بێ هیچ كێشەیەك، بەڵام ئیدی داعش هەموو شتێكی وێران كرد، شنگالی ئێمە چوو، وا بە ئاسانیش نایەتەوە، ئەوەی هەبوو و روویان دا وەكو یادگاریی سڕانەوە، ئیدی بەس یادگاری تاڵ لێرە دەبارێت".
ئەو دەشیگوت "ئەوەی داعش لە شنگال كردی لە شوێنی دیکە نەیكردووە، بە بیانووی جیاوازی ئایینی هەرچی بەردەست كەوت لە ئێزدییەكان سەری بڕین، شەرەف و نامووسی ئێمەشییان رووشاند كاتێك كچ و ژنەكانی ئێمەیان برد، چاوەڕوانی ئەو رۆژەین بە كەسوكارمان شاد ببینەوە، چاوەڕوانی بینینی ئەو رۆژەین كە تیایدا داعش بڕوات و نەیەتەوە، بەڵام ئیدی دەبێت خۆمان بپارێزین، چونكە دوای داعشیش دوور نییە گرووپێكی توندڕەوتر نەیەن كە دیسانەوە ئێمە دەكرێینە ئامانج، چونكە ئێمە ئێزدیین".
بۆ چوونە نێو شنگال كە چەند رۆژێكی كەمی ماوە دوو ساڵ بەسەر هێرشكردنە سەری لەلایەن داعشەوە تێپەڕببێت تیمەكەی ئانادۆڵو نزیك بە 7 كاتژمێر بە ئۆتۆمبیل لە هەولێرەوە بۆ دهۆك و لەوێشەوە بۆ شنگال چوون، ئیدی نزیك بە 10 بازگەی پشكنینیش لە رێگە هەن، بەدرێژایی رێگەكە پێشمەرگە هەیە تا دەگاتە چیای شنگال، ئەو چیا پێچاوپێچەی كاتی خۆی و بەدیاریكراوی لە ساڵی 1991 پاش دە ساڵ لە بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكەی عێراق لە ساڵی 1981سەدام حوسێن وەكو بنكەیەك بۆ هەڵدانی 39 مووشەكی "سكۆد" بۆسەر ئیسرائیل بەكاری هێنا.
شنگال یان"سنجار" بەعەرەبی یەكێكە لە قەزاکانی پارێزگای نەینەوا و دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگاكە لە باكووری عێراق، دەگوترێت ناوی "سنجار"پەیوەندیی بە كەشتییەكەی پێغەمبەر نوحەوە هەیە كاتێك رۆیشتووە بەر چیای شنگال كەوتووە و لەوێوە ناوی"سنجار"ی لێ نراوە، بەڵام ناوی شنگالی كوردی لە دوو ووشە پێكدێت"شەنگ" واتە جوان، "ئال"، واتە لایەن، یان ناوچە، یان شوێن، بەو پێیە شنگال واتای شوێنی جوان یان ناوچەی جوان دەگەیەنێت.
قایمقامی قەزای شنگال بۆ ئانادۆڵو دەیگوت 10 ملیار دۆلار پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی، ئەو باسی لەوەدەكرد 85 لەسەدی شارەكەیان وێران بووە، زیاتر لە پێنج هەزار خانووش بەتەواوەتی رووخان.
لە مێژە ئیزدییەكان زۆرینەی دانیشتووانی شنگال پێكدەهێنن كە خاوەنی كۆنترین ئایینن لە عێراق، ژمارەیان لەنێوان 600 بۆ 650 هەزار كەس دەبێت، بە درێژایی مێژوو وەكو ئێزدییەكان دەیڵێن رووبەڕووی 73 قڕكردنی بەكۆمەڵ بوونەتەوە، دوایینیان ئەو قڕكردنە بوو كە لەسەردەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" بوو كاتێك سەنتەری پارێزگای نەینەوا"مووسڵ"یان گرت لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 ئیدی بەرەو ناوچەكانی دیكەی پارێزگاكە كشان و دواتر لە سێی ئابی هەمان ساڵ هێرشیان بۆسەر گەورەترین شوێنی گردبوونەوەی ئێزدییەكانی عێراق كە"شنگال"ە برد و لەوێ كۆمەڵكوژییەكیان كرد هەزاران ئێزیدییان كوشت و رفاند و بەشێكیشیانی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەجێهیشت پاش كوشتنییان بەناوی جیاوازی ئایین و بیروباوەڕەوە، سەرباری هەموو ئەوانەیش هەزاران كچ و ژنی ئێزدییەكانییان بۆ خۆیان پێ حەڵاڵ بینی و رفاندنییان.
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە و بە هاوكاری ئەمریكییەكان توانییان شارەكە لەدەستی داعش دەربهێنن.
دوای زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر رزگاركردنی شنگال هێشتا بارودۆخی شارەكە لە رووی خزمەتگوزارییەوە لەوپەڕی خراپیدایە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەڕانەوەی خەڵكی شنگال بۆ قەزاكەیان نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەیە كە نە حكوومەتی عێراق و نە حكوومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا خۆیانی لێ ناكەن بە ساحێب، هەرێمی كوردستانیش لە قەیرانێكی ئەوتۆی داراییدایە ناتوانێت هیچ پارەیەك بۆ ئەو شارە دابین بكات.
news_share_descriptionsubscription_contact



