Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2018
سلێمانی ـ AA
بە گوێرەی بڕیارێكی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووک/ دادگای لێكۆڵینەوەی كەركووک كە ئەمڕۆ یەکشەممە دەرچووە و ئاراستەی ئەندامانی كۆنترۆڵی دادوەری و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان كراوە، بەپێی ماددەی ٣٣١ لە یاسای سزادانی عێراق، داوای گرتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی دادگادا هاتووە: "رێگە پێدراون بە گرتنی تۆمەتبار رێبوار فائق عەبدولمەجید، پیشە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، جۆری تاوان و ماددەی یاسایی331 لە یاسای سزادان، وە ئامادەكردنی لە بەردەممان بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارێكی داواكراوە لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكی، نووسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركووک".
لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، رێبوار تاڵەبانی لە بارەی بڕیارەكەی دادگاوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارەكە ئەمڕۆ لە لایەن دادگاوە دەرچووە، ئێمە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو داوای پێداچونەوەی ئەو بڕیارەمان كردووە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای پێداچونەوە دەكەین، تا ئەو كاتەی بڕیارەكە دەرنەچێت دادگا مافی بڕیاری گرتنی نییە".
رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "دەیان دۆسیەیان لە دادگای فیدرالی و دادگای کارگێری لەسەر من تۆماركردووە، ئێمەش پارێزەری خۆمان هەیە و چوونەتە ئەو شوێنانە و دەستیان بە رێوشوێنی خۆیان كردووە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک هەروەها گوتی: "ئەو جۆرە بڕیارانە ئامانجێكی سیاسییە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گورزێكی سیاسی لە من بدەن".
دوای ئەوەی رۆژی 28 ئاداری2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک بڕیاریدا بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی شارەكە، ئەم بڕیارە كاردانەوە و نیگەرانی بەشێك لە پێكهاتەكانی شارەكە و بەرپرسانی حكوومی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایی یاسایی لەسەر رێبوار تاڵەبانی تۆمار كرا.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووک، رێبوار تاڵەبانی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە شاری كەركووكی جێهێشت و لەو كاتەوە نەگەڕاوەتەوە شارەکە.