Abdullah Shukur
09 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ناوچەی پیشەسازی و بەشی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان لە ناوچەی قەھرەمانقەزان دادەمەزرێنین. دەبێتە یەکێک لە باشترین ناوچەکانی فڕۆکەوانی و بۆشای ئاسمان لە جیھان. تەندەری ئەم دامەزراوەیە تەواو بووە و لە کۆتایی ئەم ساڵیش کارەکانی بیناسازی دەست پێدەکات".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئەنقەرە، وتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە پرۆژەکانی نێو شاری ئەنقەرە کرد و گوتی: "لە شوێنی یاریگای ١٩ی مایس یاریگایەک دروست دەکەین لەسەر ستاندارتی نێودەوڵەتی بەشێوەیەک کە بتوانین یاری کۆتایی پاڵەوانییەتییەکانی نێودەوڵەتی لێ ئەنجام بدرێت، یاریگایەک بێت کە ٥٥ ھەزار ھاندەر لەخۆ بگرێت. خزمەتی ئەنقەرە دەکەین".
ئەردۆغان ھەر لە باسی پڕۆژەکاندا گوتیشی: "ھۆڵێک بۆ پیشانگاکان دروست دەکەین کە ماوەیەکی زۆرە ئەنقەرە لە چاوەڕوانیدایە. ئامادەکارییەکانی تەواو بووە لە چەند رۆژی داھاتوو دەست دەکەین بە بونیاتنانی".
رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: " کاری شارەوانییەتی لای ئێمە بوونی ھەیە، سەرۆکایەتی وەزیران لای ئێمەیە، سەرۆکایەتی کۆمار لای ئێمەیە. ئەم کارە کاری کەسانی زانایە، پێویستی بە شارەزایی ھەیە، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە داوای مۆڵەت لە ئێوە دەکەم".
ئەردۆغان باسی لە دروستکردنی باخچەیەکی گەورە لە شاری ئەنقەرە کرد و گوتی: "لایەکی باخچەی گەل لە پێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ئەنقەرە دەستپێدەکات و ناوچەی ھیپۆدرۆمی کۆن، ناوەندی رۆشنبیری ئەتاتورک و ھۆڵی وەرزشی ئەرێنا و پارکی لاوان لەخۆدەگرێت، ئەم باخچەیە بە دەوری بینای سەنفۆنی سەرۆکایەتی کۆمار و بینای دادوەری دەسوڕێتەوە و درێژ دەبێتەوە تا پەیکەری ئوڵوس. بەم شێوەیە باخچەی گەل دروست دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "کەسێک باس لە فرۆشتنی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار دەکات، کەسێکی دیکە باس لە فرۆشتنی کۆشکی چانکایا دەکات. ئەمانە لێیان تێکچووە. ئەگەر لە دەست ئەمانە بێت، وڵاتیش دەفرۆشن".